وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا سێ هەزار و ٣٤٥ تۆپهاوێژ و گولـله هاوەنی سوپای ئۆکراینایان لەناوبردووە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ نوێترین زانیاریی لەبارەی چالاکییەکانی سوپای رووسیا لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا بڵاوکردەوە.
کۆناشینکۆڤ ئاشكرايكرد تەنیا لە ناوچەی دۆنیتسک زیاتر لە ٥٠ سەربازی سوپای ئۆکراینا لەچالاکی خراون و نۆ زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیی تێکشکێندراون، راشیگەیاند ئەو یەکە سەربازییانەی کە سەربە لیوای میکانیزمی ٥٣ و ٩٣ی سوپای ئۆکراینا بەهۆی ئەو زیانە زۆرەی بەریان کەوتووە، پێگەکانیان بەجێهێشتووە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا نۆ ناوەندی بەڕێوەبرن، پێنج کۆگای تەقەمەنی و رادارێکی سیستەمی بەرگریی S-300ی ئۆکراینایان تێکشکاندووە، هەروەها شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن سیستەمی بەرگریی رووسیاوە کراونەتە ئامانج.
كۆناشینكۆڤ ئاشکرای کرد، مووشەكێکی بالیستی Toçka-U، شەش مووشەكی HIMARS و Olha دەستی بەسەردا گیراوە و گوتی: “تاكو ئێستا ٢٧٣ فڕۆكه، ١٤٨ هێلیكۆپتهر، ٣٦٩ سیستهمی مووشهكی بهرگریی ئاسمانی، هەزار و ٨١٣ فڕۆكهی بێفڕۆكهوان، چوار ههزار و ٣٩٢ زرێپۆش و تانك، ٨١٩ مووشهكهاوێژی فرهلووله، سێ هەزار و ٣٤٥ تۆپهاوێژ و گولـله هاوەن و پێنج ههزار و ٥٤ ئۆتۆمبێلی سهربازیی ئۆكراینا تێكشکێندراون”.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ ئاشکرایکرد کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە دووجار هێرش کراوەتە سەر وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا، گوتی: “هێرشەکان لە ناوچەی دنیپرۆ-وە بۆ سەر وێستگەکە ئەنجامدران”.