
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو لیژنەی ئۆپراسیۆنەكانی هەرێم كۆدەبێتەوە و هۆكارەكانی زۆری ژمارەی مردنیش بە كۆرۆنا لە شارەكە ئاشكرا دەكات.
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەوانان رایگەیاند، دۆخی كۆرۆنا لە سنوری سلێمانیدا لە دۆخێكی سروشتی خۆیدایە و بە تەواوی بڵاوبووەتەوە و شارەكانیتریش دۆخیان خراپتر دەبێت.
پارێزگاری سلێمانی لەبارەی دۆخی تەندروستی شارەكەوە وتیشی، لە ئێستادا بە هاوكاری خەڵكی خێرخواز و شارەكە تواندراوە كەرەستە و پێداویستیەكان كەموكورتی نەبێت هیوادارین سەرمایەی مرۆیی كەرتی تەندروستی زیاد بكرێت كە ئەوەش بە حكومەتی هەرێمی كوردستاند دەكرێت.
لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ژیان هەڤاڵ ئەبوبەكر وتی: هۆكاری زیادبوونی مردن لە سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ خراپی بژێوی خەڵك، بڵاوبونەوەی پەتای وەرزی، هاتنی خەڵكی لە شار و شوێنەكانی دیكەوە دێنە سلێمانی بۆ چارەسەری پزیشكی و مردنیشیان لەسەر سلێمانی هەژمار دەكرێت، وە تەندروستی سلێمانی ئامارەكانی مردنیش ناشارێتەوە.
ناوبراو روونیكردەوە میدیاكان رۆڵی كاریگەریان هەیە لە هەڵمەتی هۆشیاری و راگەیاندنەوەی قەدەغەی هاتووچۆش چیتر وەك پێویست سودی نابێت، و دەشڵێت لیژنەی ئۆپراسیۆنەكان هەڵنەوەشاوەتەوە و بەردەوامین لە كارەكانمان.
ئەوەشی ئاشكراكرد، لە هەفتەی ئایندە لیژنەی ئۆپراسیۆنەكانی سلێمانی كۆدەبێتەوە و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنی هەرێمیش لە هەفتەی داهاتوو كۆدەبنەوە بۆ گرتنەبەری رێكاری پێویست.