كوردستانهەواڵ

دەیان ماتۆڕسکیل لە هەولێر دەستیان بەسەرداگیرا

ئەمڕۆ لە هەڵمەتێکدا دەیان ماتۆڕسکیلی بێ تابلۆ کە خاوەنەکانیان مۆڵەتی لێخوڕینیان نەبوو، لە هەولێر دەستیان بەسەردا گیرا.

فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند هەڵمەتەکە لەلایەن کەرتی هاتووچۆی بەحرکە ئەنجامدرا و “لەماوەیەکی زۆر کەمدا دەست بەسەر دەیان ماتۆرسکیلی بێ تابلۆ و بێ سەرەتادا گیرا، کە خاوەنەکانیشیان مۆڵەتی شوفێرییان نەبوو”.

سەرجەم ماتۆرسکیلەکان هی خەڵکانی: سووری، لوبنانی، میسری و عەرەبی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بوون، کە لە پڕۆژەی گوندی لوبنانی کاریان دەکرد.

گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر هەروەها دەڵێ “ئەو ماتۆرسکیلانە رۆژانە لەکاتی چوون و هاتنیاندا بە دەیان سەرپێچییان ئەنجامدەدا و پابەندی یاساکان نەدەبوون، هەروەها ببوونە سەرچاوەیەکی بەردەوامی رووداوی هاتووچۆ لەو شەقامەدا و چەندین جاریش ئاگادارکرابوونەوە لە یاساشکێنییەکانیان، بەڵام هەر بەردەوام بوون لەو سەرپێچییانە”.

سەرجەم ماتۆرسکیلە دەستبەسەرداگیراوەکان رەوانەی گەراجی دەستبەسەرداگرتنی هاتووچۆی هەولێر کران.

فازڵ حاجی هەروەها دەڵێ “لێرەوە، سەرەڕای کارەکانی خۆمان، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداردەکەینەوە؛ ئاخۆ ئەوان ئاگادارن پڕۆژەیەک لە پایتەخت جێبەجێ دەکرێت و، قەدەغەیە کرێکاری کورد کاری تێدا بکات؟! چونکە ئێمە لەناو هەموو کرێکارەکان گەڕاین بۆ دۆزینەوەی گەنجێکی کورد، بەڵام بەداخەوە نەماندۆزیەوە”.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close