كوردستانهەواڵ

بە پاكێجی جیاوازەوە، بزووتنەوەی ئیسلامیی كۆنگرەی خۆی دەبەستێت

ئاری عەبدولەتیف

لە ئێستادا ھەزاران ئەندام و كادر و پتشمەرگە و بنەماڵەی شەھید، لە چاوەڕوانیی دوانزەھەمین كۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامییدان، بزووتنەوەش بۆ ئەم كۆنگرە، بڕیاری جیاوازی داوە و بە پاكێج و ڕیفۆرمی نوێوە، لە ڕێی لیژنەی باڵای ئامادەكاری كۆنگرەوە، لە ھەوڵ و پێھەنگاوی خۆیدایە.
ناشاردرێتەوە كۆنگرەی كوردیی تێكڕای حیزبەكان، تا ئێستا تەقلیدیی و تەشریفاتیی بوون و كەمترین بازیان داوە و بە عەقڵی كلاسیك ئەندامانیان بیریان لە ئەبدێتی حیزبەكانیان كردۆتەوە، كەمترین جاریش دەستیان بۆ گۆڕینی كەسی یەكەمی حیزبەكانیان بردووە و پاش چەندین كۆنگرە، ناوەڕۆك و گوتار و فۆڕم و ستایلی كار و كارنامەیان، لە دوێنێ جیاوازتر نەبووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بێ ئەزموونیی و ترس و خۆلەقەرەنەدانی ڕیفۆرمی ڕێكخراوەیی و تێنپەڕاندنی بەرژەوەندیی و فایلە ئەمنیی و بازرگانییە نێوخۆییە حیزبییەكان.
بەڵام بۆ مێژوو دەیڵێم، بزووتنەوە با حیزبێكی ئاینیی و مولتەزیمیش بوبێت، لە یانزە كۆنگرەی ڕابردوویدا زۆرترین دەستكاریی و گۆڕینی ڕابەری ھەبووە، كە ئەمەش زیندوێتیی بزووتنەوە و ئەندامانی دەردەخات.
ئێستاش كە لە سەروبەندی كۆنگرەی نوێی بزووتنەوەی ئیسلامییداین، بڕیارە بە پاكێجێكی جیاوازەوە، بزووتنەوە بچێتە ھۆڵی بێ ئامانی كۆنگرە و بەدەر لە عەقڵی كۆنكرێتیی، بەشێكی زۆر لە پەیڕەو و گوتار و ستراتیژی حیزبیی و ئۆرگانیی خۆی بگۆڕێت بە گۆڕینی كەسی یەكەمیشیەوە، جگە لە تازەشێوازی كاری ئابوریگەریی و میدیا و پەیوەندییە حیزبییەكان.
ھەرچەندە ئەم پاكێجە قورسە بەڵام فرسەتە، بەتایبەت ھەلومەرجی سیاسیی جیھان و ناوچەكە و نێوخۆی ھەرێم، خێران لە گۆڕاندا و بە كاتژمێر، ھەژموون و گرێبەستە سیاسییەكان ئاوەژوو دەبنەوە.
ئیرادە ھەبێت، ئەنجومەنێكی ئیرادەخواز و یەكەیەكی ئابووریی پڕمایە و زمانێكی جیاوازی نیومیدیا، لە ئایندەی زۆر نزیكدا كاری خۆیان بۆ بونیادنانەوەی ژێرخان و گشتخانی ئەم بزووتنەوە ئیسلامییە دەكەن، كە ھەندێك لە نێوخۆ و زۆرێك لە دەرەوەی بزووتنەوە، پێی مات و مەیو و ئێكسپایەر دەبن.
سەركەوێ بەرەی گەشەخوازیی بزووتنەوەی ئیسلامیی
سەركەوتن بۆ كۆنگرەی دوانزەھەمینی بزووتنەوەی ئیسلامیی.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close