كوردستانهەواڵ

کەلار.. گردبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێوەدەچێت

بەشێک لە هاوڵاتیانی قەزای کەلار لەبەردەم قائیمقامییەتی قەزاکە دەستیان بە خۆپیشاندان و گردبونەوە کردوە و داوای باشترکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، باشترکردنی دۆخی دارایی هاوڵاتیان و كۆتاییهێنان به‌ دابه‌شكردنی سیستمی لێبڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دەکەن.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە بەشێک لە هاوڵاتیانی قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان دژی خراپی دۆخی ژیانی هاوڵاتیان، نەبوونی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران و لێبڕینی موچە لەبەردەم قائیمقامییەتی کەلار گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا.
بەشداربووانی گردبوونەوەکە داوا دەکەن حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە سیستەمی لێبڕینی موچە بهێنێت و هاوشێوەی فەرمانبەرانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەموو 30 رۆژ جارێک موچە لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت.
ئەمڕۆش بەشێک لە مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە پارێزگای کەرکوک گردبوونەوە و  داوایان لە حکومەتی عێراق کرد راژەکانیان هاوشێوەی مامۆستایانی دیکەی شارەکە بخرێتەسەر بەغدا، لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان شایستە داراییەکانیان پێنادات و ئەوان بونەتە قوربانی ململانێکانی نێوان هەردوو حکومەت.
12ی ئابی ئەمساڵ بەشێک لە هاوڵاتیانی شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر خراپی دۆخی ژیانیان گردبونەوە و داوایانکرد هەرچی زوە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی قوتی  موچەخۆران چارەسەربکرێن، بە پێچەوانەوە هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و هەڵبژاردنی پێشوەخت بەشێکی سەرەکین لە داواکارییەکانیان لە داهاتودا.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close