بۆری سەرەکی دابەشکردنی ئاوی ناو شاری سلێمانی شکا و پارێزگاری سلێمانیش ڕایگەیاند ئەو بۆرییەی شکاوە سەرەکیترین هێڵی دابەشکردنی ئاوی سلێمانیە و ئەگەری هەیە بۆ ماوەی دە رۆژ سەدا پەنجای گەڕەکەکان بێ ئاو بن.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر سەردانی شوێنی شکانی بۆریەکی کرد لە سەرچنار كرد و ڕاگەیاند،لەگەڵ وەزیری دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەتن بۆ دابینکردنی بودجەیەک بۆ چاککردنەوەی خێرای بۆریەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بۆریە بەهۆی ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو چاکنەکراوەتەوە شکاوە و زیانێکی زۆری بەرکەتووە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: “بەهۆی شکانی بۆری سەرەکی ئاو لەناو پڕۆژەی ئاوی سەرچنار بۆ ماوەی یەک هەفتە ئاوی خواردنەوە لە سەنتەری شاری سلێمانی نابێت”.
ئاماژە بەوەشكراوە: “دابەشکردنی ئاو لە قەزا و ناحیەکانی چەمچەماڵ و شۆڕش و بازیان و تەکێ و گۆپاڵە بەردەوام دەبێت، لەگەڵ گەڕەکەکانی ناوچەی قڕگە و کوردسات و هەواری شار، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین دەست بە ئاوەوە بگرن و تیمەکانی بەڕێوبەرایەتیمان لەئێستادا سەرقاڵی کارکردنن بۆ ئەوەی لەماوەیەکی کەمدا ئاو بگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتییان”.