بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی یاداشتێکی ئاراستەی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم کرد و داوا دەکات بە زوترین کات موچەکانیان بۆ خەرج بکرێت.
عەمید فەرەیدون عومەر بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی لە یاداشتەکەدا ڕایگەیاندوە، دۆخەکە مەترسیدارە و پابەند بوون بە ئەرک و فەرمانی رۆژانە نەماوە، هەڵویستی کارمەندانی هاتوچۆش تاکە کەسی نیە و هەموان شتێک پێکەوەیان دەبەستێت کە خاڵی بونی گیرفانیانە.
بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردوە،پۆلیسی هاتوچۆ لە ماوەی 100 رۆژی ڕابردوو تەنها یەک موچەیان وەرگرتووە،لەکاتێکدا ئەوان رۆژانە پارە بۆ حکومەت کۆدەکەنەوە.
عەمید فەرەیدون ڕاشیگەیاندوە، کارمەندانی هاتوچۆ دەڵێن چیتر ئامادەنین پارە بۆ حکومەت کۆبکەنەوە لەکاتێکدا ئەوان شایستەی دارایی خۆیان پێ نەدرێت.
بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی هۆشداریشی داوە کە دۆخەکە مەترسیدارە و ڕەنگە فەرمانگە سەربازییەکانی دیکەش بگرێتەوە بۆیە پیویستە هەوڵەکان بخرێتە گەڕ بۆ خەرجکردنی موچەکانیان.