كوردستانهەواڵ

“نوێنەرانی كورد لە بەغدا، بۆ بژێوی خۆیان و خزمەتی حزبەكانیان لەوێن، نەك بۆ بەرگری لە ماف و بەژەوەندی میللەتەكەیان”

وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، وەفدی هەرێم بەدەستبەتاڵی و نائومیدی گەڕانەوە بۆ هەولێر، ئەویش لەبەر لاوازی ئاستی شاندی كوردی بوو.

دوای ڕۆیشتنی وەفدێكی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا، بەڵام بەبێ هیچ ڕێككەوتنێك گەڕانەوە.
عەبدوڵلا وەرتی وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕاگەیاند، وەفدی هەرێم سەركەوتوو نەبوو لە گفتوگۆكانی لەگەڵ بەغدا چونكە هەر لەسەرەتای ڕێگەوە بێ هیچ ڕێككەوتنێك پشتیوانی بەرپرس و حزبە كوردیەكان لە موستەفا كازمی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومی نوێ هەڵەبوو، هەروەها نەبوونی هیچ كارتێكی فشار بەدەست شاندی دانوستانكاری كوردییەوە كە ببیتەمایەی ملدانی بەغدا بۆ داخوازییەكانی هەولێر.

وتیشی”ئەوەی كراوە لە ڕابردوودا بۆ هەولێر، هەمووی زارەكی و دۆستایەتی بووە نەك سیستماتیك و دەستوری و یاسایی، ئەگەرنا بەسەرپێی و چۆن بەئارەزوو لەو دۆخە قەیراناوییەدا بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەولێری بڕی”.

ئاشكراشیكرد، لەدوای ڕووخانی سەددامەوە هیچ حكومەتێك هێندەی ئەو حكومەتەی ئێستای عیراق لاوازتر نەبووە كە لە ژێرفشاری شەقام سڕكراوە، بە حیساب عادل عەبدولمەهدی دۆستێكی ئاڵتوونی كوردە، ئیتر بزانن دۆستایەتی لە سیاسەت و جێبەجێكردنی پرسە دەستوورییەكاندا ناخوات، بەڵكو ڕێككەوتن و واژۆی پڕۆتۆكۆلی دەخوات كە ئێوەكاری پێناكەن، تەنهاپشت بەدۆستایەتی و بەڵێنەزارەكیەكان دەبەستن ئەوەش تاسەرنیە.

د.عبدالله وەرتی ڕاشیگەیاند، نوێنەرانی كورد لە بەغدا بە هەموو پۆستەكانەوە تەنها بۆ بژێوی ژیانی خۆیان و دەوروبەریان و خزمەتی حزبەكانیان لەوێن، نەك بۆ بەرگری لە ماف و بەژەوەندی میللەتەكەیان.
جەختی لەوەش كردەوە، ئەگەر ڕاستبێت بەهۆی جێگربوونی سیستەمی پاتریۆتی ئەمریكا لە كوردستان، بەغدا توڕەبووبێت و مووچەی فەرمانبەرانی بڕیبێت لە ژێر فشاری ئێران و لایەنە شیعیەكان، ئەوەش مانای ئەوەیە ئیتر حیساباتی ووردی سیاسی و ستراتیژی لە كوردستان شایەنی پێدانی هیچ ژمارەیەك نییە، ئەوەی ئێستاش دەگوزەرێت پێتاندەڵێت ئێوە یەكڕیزنین و ناشتانەوێت ببن و مووچەخۆرو میللەتیش ناچار دەكەن ئینتیمایان بۆ نیشتیمان هەر نەمێنێت.

ئاشكراشیكرد، ئەو شاندەو دەیان شاندی تریش بنێردرێت بەو لۆژیك و میكانیزمەی ڕابردووتان هیچتان بۆ ناكرێت، ئەگەر بشكرێت پینەوپەڕۆیە نەك دەستوری و یاسایی، چونكە هەرێم بەهۆی ناكۆكی سیاسی نێوخۆییەوە تائێستا دەستەیەكی چاودێری نیە لە كەسانی پسپۆڕو بەئەزموون و شارەزا لەسەر ئەوەی ئاخۆ بەغدا تا چەندە پابەندی دەستوور بووە بەرامبەر بە مافەكانی خەڵكی كوردستان، هەروەها ئێوەش بۆچی پابەندی بەڵێنەكانی خۆتان نابن، ئەگەر زارەكیش بێت بۆ ڕادەستكردنی نەوت بۆ ئەوەی فەرمانبەرو موچەخۆرەكانتان تووشی ئەو قەیرانە گەورەیە نەبن مادام مووچەتان بۆ دابین نابێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close