
بەهۆى پێنەدان و دواکەوتنى موچەکانیان بۆ دووەم رۆژ بەشێک لە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی گەرمیان لە مانگرتن و بایکۆتکردنى دەوام بەردەوامن و دەڵێن “بەبێ موچە ناچنەوە سەر کارەکانمان”.
ئەمڕۆ کارمەند و پزیشکانى گەرمیان دواى دوو رۆژ لە مانگرتن و بایکۆتکردنى دەوام بەیاننامەیەکى نارەزاییان ئاڕاستەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمان کرد و تیایدا ئاماژەیان بەوەکردووە، ناچنەوە کەرت و مەڵبەندەکانى تەندروستییەکان تا وەڵام نەدرێنەوە.
لە بایاننامەکەدا هاتووە، لە ئەمڕۆوە مانگرتنى سەرتاسەرى رادەگەیەنن لەسەرجەم نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنکە تەندروستیەکانى سنورەکە، تا ئەو کاتەى حکومەت بەجدى دێتە سەر خەت، مانگرتنیان درێژەى دەبێت تا قەرەبووکردنەوە و گێڕانەوەى مافە خوراوەکانیان و پێدانى موچەکانیان.
لە بەیاننامەکەدا ئەو کارمەند و پزیشکانە ئاماژەیان بەوەکردووە، سەرجەم کەمتەرخەمى و بەدەمەوەنەچونى داواکارى و پەکخستنى ناوەندە تەندروستیەکان هەر دەرئەنجامێک لێبکەوێتەوە دەکەوێتە ئەستۆى حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان.
لە دوێنێوە کارمەند و پزیشکانى تەندروستى گەرمیان مانیان لەکارکردن گرتووە و داواى پێدانى موچەکانیان دەکەن.