جیهانهەواڵ

موسوڵمانانی هیند لەژێر چاودێری توندی پۆلیس نوێژی هەینیان ئەنجامدا

بەهۆی هێرشی بەشێک لە خەڵکی نیو دێلهی بۆ سەر موسوڵمانەکان، نوێژی هەینی بە چاودێریی پۆلیسێکی زۆر لە پایتەختەکەی هیندستان بەڕێوەچوو.

لە ماوەی یەک هەفتە، بەهۆی زیادبوونی گرژییەکان و هێرشی هیندوسە تووندڕوەکان بۆ سەر موسوڵمانانن، 42 موسوڵمان گیانیان لەدەستداوە و سەدانی دیکەش بریندارن، قوربانییەکانیش ئاسەواری گوللـە، شمشێر و تێزابیان پێوە دیاربووە.

محەمەد سولەیمان، یەکێک بووە لەو 180 کەسەی لە ژێر چاودێری پۆلیس نوێژی هەینی ئەنجامدا، بە رۆژنامەی گاردیانی گوتووە: “ئەگەر ئەوان مزگەوتەکانمان بسووتێنن، ئێمە دووبارە دروستیان دەکەینەوە. ئەوە مافێکی ئاینی خۆمانە و کەس ناتوانێت لێمان زەوت بکات”.

هۆکاری درووستبوونی ئەم شەڕوپێکدادانە بۆ دوو یاسای نوێی هیندستان دەگەڕێتەوە لەسەر هاووڵاتینامە و وەرگرتنی رەگەزنامە. بەگوێرەی یاساکان، کەمینەکانی ناو هیند جیا لە موسوڵمانەکان، مافی ئەوەیان هەیە ببنە خاوەنی رەگەزنامە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی موسوڵمانەکانی هیند، مەترسی ئەوەیان بۆ دروست ببێت کە لە کارەکانیان دەربکرێن.

بەشێک لە هیندووسەکانیش دژی ناڕەزایی موسوڵمانەکان هاتنە سەرشەقام و رووبەڕوویان بوونەوە، جیا لە زیانە گیانییەکان، چەندین دوکان و ماڵی موسوڵمانانیش دزراون.

ژمارەی دانیشتوانی هیند یەک ملیار و 339 ملیۆن کەسە، لەو ژمارەیەش، 200 ملیۆنیان موسوڵمانن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close