تەندروستیكوردستانهەواڵ

لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتایەک لەناو منداڵاندا هۆشداری دەدرێت..

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک هۆشداری دەدات لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتایەک لەناو منداڵاندا کە ئازاری سنگ و هەناسەتوندی لەگەڵدایە و داوا لە دایکان دەکات شیری سروشتی بە منداڵەکانیان بدەن بۆ پاراستنیان لە پەتاکە.

نزار بەکر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی منداڵان لە دهۆک رایگەیاندووە، ڤایرۆسێک بڵاوبووەتەوە بەتایبەتی لەناو منداڵانی یەک ساڵ و دوو ساڵدا، کە هەندێک جار دەبێتە هۆی ئازاری سنگ و هەناسەتوندی و منداڵەکە پێویستی بە گەیاندن بە نەخۆشخانە دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتای ئەمساڵ و لە مانگی رابردوودا رێژەی نەخۆشکەوتنی منداڵان و هێشتنەوەیان لە نەخۆشخانە دوو هێندە و سێ هێندە زیادیکردووە، بە جۆرێک ٢٠٠ جێگا لە نەخۆشخانەی هێڤیدا هەیە و زیاتر لە ٣٠٠ منداڵ لە نەخۆشخانەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەشێوەیەکی گشتی ئەو منداڵانەی نەخۆشن تەمەنیان لەنێوان ساڵ بۆ دوو ساڵدایە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەشڵێت، خۆپاراستن باشترە لە چارەسەرکردن و پێویستە دایکان منداڵەکانیان بپارێزن لە توشبوون بەو پەتایە.

راشیگەیاندووە، لە گرنگترین رێگاکانی خۆپاراستن شیردانی سروشتییە بە منداڵ کە بەرگری جەستەیان بەهێز دەکات.

باسی لەوەشکردووە، پێویستە ئەو دایکانەی تووشی پەتای وەرزی دەبن تا دەتوانن کەمتر نزیک ببنەوە لە منداڵەکانیان و ئەگەر منداڵەکانیشیان نەخۆش بوون لە ماڵ نەیانبەنە دەرەوە و تەنها سەردانی بنکەی تەندروستی بکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close