سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، ڕەنگە هەندێک پێگەی عێراقی لەلایەن ئیسرائیلەوە بکرێنە ئامانج، چونکە عێراق هەڵوێستی ڕوون بووە و هاوکاری گەلی لوبنانی کردووە، بەڵام پێناچێت دۆخەکە سەر بکێشێت بۆ شەڕی گشتگیر.
باسک نێت
سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: “بەدووری نابینم هەندێک پێگەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئیسرائیلەوە بکرێنە ئامانج، چونکە عێراق پاڵپشتی گەلی لوبنانی کردووە و هەڵوێستیشی ڕوون بووە لە بەرامبەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.”
ڕۆژی 27ی مانگی نۆ، ئیسرائیل هێرشێکی بەهێزی بۆ سەر بارەگای سەرەکی حزبوڵا ئەنجامدا، حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتی حزبوڵا و ژمارەیەک لەسەرکردەکانی ئەو حزبە لە هێرشەکەدا کوژران.
سەعد مەتڵەبی باسی لەوەشکرد: “ڕەنگە دۆخەکە بەرەو هێوربوونەوە بڕوات، چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەجدی لەسەر هێڵە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕووداوەکان، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت پاڵپشتی ئەمەریکا بقۆزێتەوە بۆ هێرشکردنە سەر هەندێک پێگەی عێراقی.”