
دەروازەی سنووریی پەروێزخان ڕایگەیاند، دەستییان گرتووە بەسەر 27 تۆن مریشکی بەستوودا کە بە ئایسکرێم داپۆشرابوو.
لە ڕاگەیەنراوێکدا کە بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی سنووریی پەروێزخان بڵاویانکردووەتەوە ڕایگەیاند، “بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و دوای دەستخستنی زانیاری، بەهاوکاری بنکەی پۆلیسی گومرگی پەروێزخان توانرا دەستبەسەر باری ئۆتۆمبێلێکی جۆری بەڕاددا بگیرێت، کە بارەکەی (27) تۆنن و (640) کیلۆ مریشکی بەستوو بووە”.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، “ئەو بارە مریشکە بەچەند کارتۆنێک ئایسکریم داپۆشرابوو تا بتوانرێت لەو ڕێگەیەوە تێیپەڕێنن و دواتر ساغی بکەنەوە”.
دەروازەی پەروێزخان ڕاشیگەیاندووە، “لەئێستادا بارەکە ڕاگیراوە و کەیسەکە ڕەوانەی بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی گەرمیان دەکرێت بۆ کاری پێویست و ڕێکاری یاسایی لەگەڵ خاوەنەکەیدا”.
پێشتر بە پێی بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوردەکردنی ژمارەیەک بەرهەمی خۆراکی و کشتوکاڵی قەدەغەکرا، یەکێک لەو بەرهەمانە هاوردەکردنی مریشکی بەستوو بوو.