
وەزیری نەوتی عێراق:
بەمزووانە باری بەنزین دەگاتە عێراق و قەیرانی كەمی بەنزین چارەسەر دەكەین
باسک نێت
باسم محەمەد عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بەنزین و بەم نزیکانە باری بەنزین دەگاتە عێراق.
بە گوێرەی بەیاننامەیەكی وەزارەتی نەوت، وەزیری نەوت لە میانی سەرپەرشتیكردنی کۆبوونەوەیەكی شانەی قەیرانەکانی وەزارەتەكەی، جەختی لەسەر بەردەستبوونی بەرهەمە نەوتییەکان کردووەتەوەو، هاوڵاتیانیشی دڵنیا كردووەتەوە وەزارەت لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانیان.
وتوشیوتی، چارەسەری کەمی بەنزینی کاتیی دەکرێت و بەم نزیکانە باری زیاتری بەنزین دەگاتە دەستمان، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی دابینکردنی سەقامگیری و دابینکردنی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان.
وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاندووە، تێکڕای بەکارهێنانی بەنزین لە رۆژێکدا نزیکەی 33 ملیۆن لیترە، لە کاتی بوونی دڵەڕاوکێی گشتیش بۆ نزیکەی 38 ملیۆن لیتر لە رۆژێکدا بەرزدەبێتەوە، وەزارەت بەردەوام چاودێری پرۆسەی دابینکردن و دابەشکردن دەکات و رێکاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردنی بەرهەمە نەوتییەکان و بەرزکردنەوەی سەقامگیری بازاڕی ناوخۆیی.
لە بەشێكی تری قسەكانیشدا وتویەتی، لە کاتی دەستبەکاربوونی حکومەت هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رۆژێکدا نزیکەی 250 هەزار بەرمیل بووە، لەکاتێکدا بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە ئێستادا لە رۆژێکدا 3 ملیۆن بەرمیل تێدەپەڕێنێت.




