
ژمارەیەک فەرمانبەری بانکی هەرێم و بانکی ئاشتی بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە دەستگیرکراون و باس لەوەش دەکرێت، چەند بەرپرسێکیان لە پشتەوە بێت.
دوێنێ شەممە 27ی ئابی 2022، بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و کڕینەوەی پارەی بەڵێندەران بە نیوەقیمەت و سپیکردنەوەی لەناو بانکەکاندا 12 فەرمانبەری هەردوو بانکی هەرێم و ئاشتی دەستگیرکراون. ئەمڕۆش ژمارەیەکی دیکەی فەرمانبەر دەستگیرکراون.
بڕی پارەکە 400 ملیۆن دینارە و چەند بەرپرسێک پاڵپشتییان کردوون لە پڕۆسەکە و تا ئێستا ناویان ئاشکرا نەکراوە.
چهند جارێک لەماوەی رابردوودا پارە براوەتەوە دەرەوە لە بانکەکە بەبێ ئەوەی رەزامەندی بەرپرسانی بانکەکە هەبێت و نازانرێت بۆ کوێ براوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لەماوەی ئەمساڵدا لە سنوری پارێزگای سلێمانی کێشەی دواکەوتنی دابەشکردنی موچە و نەبوونی پارە لە بانکەکاندا بوونی هەبووە، جگە لە دەستگرتن بەسەر بەشێک لە زەوییە گرنگەکانی شارەکە لەماوەی رابردوودا و هێزە ئەمنییەکان لەماوەی رابردوودا چەند بەرپرس و فەرمانبەرێکی شاروانییان دەستگیرکرد.