وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، دەست بەسەرداگرتنی سەدان تۆن پەتاتە و تەماتەی قاچاخی راگەیاند كە هەوڵ دەدرا لە سنوورەكانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێن.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایگەیاند “لە چەند رۆژی رابردوودا سەرقاڵی بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری بووین لەسەر هاوردەكردنی سەدان تۆن پەتاتە و تەماتە كە دەویسترا بە نایاسایی هاوردە بكرێن”، ئاماژەی بەوەش كردووە، هەوڵەكانیان بەردەوام بوون تاوەكو توانیوویانە لە دەروازە سنوورییەکان دەستی بەسەردا بگرن.
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات كە هاوكاربوون لە پێدانی زانیاری و دەستبەسەرداگرتنی ئەو سەدان تۆن پەتاتە و تەماتەیە.
بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش كردووە “كاتێك بڕیاری قەدەخەكردن و دانانی باجی پێویست لەسەر بەرهەمی هاوردە دادەنێم بۆ پاراستنی بەرهەمی جووتیارانمانە، بۆیە لەگەڵ قەدەخە و دانانی باج رێكاری تری پێویستیش دەگرینەبەر بۆئەوەی لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیارانمان بتوانرێت لە بازاڕ ساخبكرێتەوە بە رەچاوكردنی مافی بەكاربەران”.