كوردستانهەواڵ

وەزیری کشتوکاڵ و بازرگانی بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێن

لەسەر پرسی ساغنەبوونەوەی بەرهەمی ئەمساڵی جووتیارانی کوردستان، لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە بانگهێشتی هەریەکە لە وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی و وەزیری بازرگانی کەمال موسلیم دەکات.

سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان، عەبدولستار مەجید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و ئاودێری، بێگەرد تاڵەبانی و وەزیری بازرگانی، کەمال موسلیم کۆدەبینەوە”.

سەبارەت بە هۆکاری بانگهێشتکردنی ئەو دوو وەزیرە، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمان وتی، “ئەمساڵ کێشەی زۆر بۆ ساغبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆ دروستبووە، دەمانەوێت هۆکارەکان و ڕێگەچارەکانی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بزانین”.

عەبدولستار مەجید وتیشی، کاری ئەو دوو وەزیرەی حکوومەت و سەرجەم کابینەی حکوومەتی هەرێمە کە بەبازاڕکردن بکات بۆ بەرهەمەکان و بازاڕیان بۆ بدۆزێتەوە.

ڕۆژی دووشەممە جووتیارانی پارێزگای هەولێر هاتنە سەر شەقام و گردبوونەوەی ناڕەزاییان بەرامبەر ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان ئەنجامدا و ژمارەیەکیان بەرهەمی تەماتەی ئەمساڵی خۆیان فڕێدا. لەبەرانبەر ئەوەشدا وەزارەتی کشتوکاڵ بەڵێنیدا بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ، ڕۆژانە سێ هەزار سندوق تەماتەی جووتیارانی هەولێر وەربگرێتەوە کە بۆ هەر سندوقێکیش سێ هەزار و پارەی سندوقەکانیاشیان پێدەدرێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close