ئابووریعێراقهەواڵ

لیژنەی دارایی پەرلەمان: بەشی موچەی دوو مانگ پارە ئامادەیە

هەیسەم جبوری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق ئاشكرایدەكات، پارە بەشی موچەی دوو مانگ هەیە و دوای ئەوە كێشەی بۆ حكومەتی عیراق دروستدەبێت، بۆیە ئەگەر دابەزینی نرخی نەوتی خاو بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا وڵاتەكە پێویستی بە دۆزینەوەی چارەسەر دەبێت.
جبوری لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رونكردنەوەی سەبارەت بە رەوشی دارایی عیراق داوە و بە “زۆر سەخت” وەسفیكردوە، چونكە داهاتی وڵاتەكە 96% پشتی بە نەوت بەستوە و زۆربەی داهات لە فرۆشتنی نەوتەوە سەرچاوە دەگرێت. دەشڵێت “یەك بەرمیل نەوتمان بە 61 دۆلار دەفرۆشت، بەڵام ئێستا لەنێوان 16 بۆ 18 دۆلارە، بۆیە شتێكی سروشتییە، كە كورتهێنانی گەورەمان هەبێت”.
سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران جەختدەكاتەوە، هەموو مانگێك عیراق 5 بۆ 6 تریلیۆن دینار كورتهێنانی دەبێت، بەڵام هەندێك پارە لە ژمارەیەك بانك لەبەردەستە، لەگەڵ ئەوەشدا دوای ئەوە ناچاردەبن گڵۆپی سەوز بۆ وەزیری دارایی هەڵبكەن بۆئەوەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان بكات.
هەیسەم جبوری باسی لەوەشكردوە، تا ئەم ساتە هیچ بڕیارێك نەدراوە بۆ كەمكردنەوەی موچە و ئەوە لە دەسەڵاتی حكومەتدایە، بەڵام لیژنەی دارایی پەرلەمان ئەو بیرۆكەیە رەتدەكاتەوە، هەرچەندە راستییەك هەیە ئەویش تێپەڕبونە بە بارودۆخێكی خراپدا، كە پێویستی بە دۆزینەوەی چارەسەری باشترە.
تەئكیدیشیكردوەتەوە، ئەگەر موچەی سەرجەم وەزیر و پەرلەمانتارانیش ببڕن، كێشەكە چارەسەرناكات، چونكە لە هەزار بەش كەمترە لە 2 بەشی بودجە، ئەگەر قەیرانەكە دوو مانگ بەردەوام بێت كێشە دروستنابێت، چونكە پارە بەشی دوو مانگی موچە هەیە، بەڵام ئەگەر لەوە زیاتر بخایەنێت، ئەوا كێشەی بۆ عیراق دروستدەبێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close