نوسەران

کاتێک دیموکراسی و ئۆپۆزسیۆن دەبنە پاشکۆی ئیمتیازات ، خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان

کاتێک دیموکراسی و ئۆپۆزسیۆن دەبنە پاشکۆی ئیمتیازات ، خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان

یەحیا کامیل ✍️ باسک نێت

پرۆسەی دیموکراتیزەبوون لە کۆمەڵگە ڕاگواستراوەکاندا تەنیا بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولیی ناپێورێت، بەڵکو بە توانای دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان لە ڕەنگدانەوەی شەرعیەتی سیاسی و جێبەجێکردنی ئەرکە دەستوورییەکان دەپێورێت. دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا (٢٠٢٤)، چەقبەستوویی ڕەهای سیاسی و پەککەوتنی تەواوی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، نیشانەی قەیرانێکی پێکهاتەیی قووڵن. ئەم دۆخە نەک هەر شەرعیەتی سیاسیی سیستەمەکەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو گوزارشت لە فشەڵی و کلۆربوونی دامەزراوەیی دەکات. ئەم داڕوخانەی سیستەمی سیاسی لە هەرێم لە کاتێکدایە کە ژینگەی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاریی سەربازی و سیاسیی تونددایە، نوخبەی سیاسیی هەرێم، چ لە دەسەڵات و چ ئەوانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن، نەیانتوانیوە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و وەڵامگۆ لەئەستۆ بگرن.

پەرلەمانی کوردستان لە خولی شەشەمدا، لەبری ئەوەی ببێتە سەکۆیەک بۆ داڕشتنی ستراتیژی نیشتمانی لەم قۆناغە ناسکەدا، کەچی کورتکراوەتەوە بۆ دەزگایەک کە دەرکەوتەیەکی فۆڕماڵیستی هەبووە، بەو مانایەی کە لە بری ئەوەی خاوەن ناوەڕۆک بێت و ئەرک و فەلسەفەی پەرلەمانی خۆی پیادە بکات، بەڵکو ئەرکێکی ڕواڵەتگەرای لەنێو سیستەمە سیاسییەکەدا لەئەستۆ گرتووە. کۆبوونەوەی پەرلەمان تەنیا بۆ مەرسومی سوێندخواردنی یاسایی (کە لەسێبەری کۆبوونەوەکەدا ئەجێندای تەواوکردنی ڕیکارەکانی بەستنی مووچەی ئەندامانی پەرلەمان هەبوو)، بەبێ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و بەبێ ئەنجامدانی هیچ کۆبوونەوەیەکی یاسادانان یان چاودێری، بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی کە ئەولەویەتی بەشداربووان لە پرۆسە دیموکراسییەکەدا لە پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانەوە گۆڕاوە بۆ دەستکەوتی مادی و ئیمتیازاتی شەخسی. ئەم مۆدێلە لە کارکردن متمانەی هاووڵاتیانی بە سندوقەکانی دەنگدان بە تەواوی کاڵکردووەتەوە و قەیرانی شەرعیەتی جەماوەری قووڵتر کردووەتەوە، چونکە پەرلەمانتار لەبری نوێنەرایەتیکردنی گەل، دەبێتە فەرمانبەرێکی خاوەن ئیمتیاز لە سیستەمێکی پەککەوتوودا.

ئەو هێزانەی لە هەرێمی کوردستاندا خۆیان بە “ئۆپۆزسیۆن” دەناسێنن، بە تەواوی لە بنەما زانستی و دامەزراوەییەکانی ئۆپۆزسیۆنێکی سەرکەوتووی جیهانی لایانداوە.

لەبری پەیڕوکردنی عەقڵانیەتی سیاسی، ئەم هێزانە پەنایان بردووەتە بەر گوتاری پۆپۆلیستانەی ڕووت. پۆپۆلیزم لێرەدا وەک کەرەستەیەک بۆ یاریکردن بە سۆزی شەقام و کۆکردنەوەی دەنگ لە کاتی هەڵبژاردندا بەکاردێت، بەبێ ئەوەی هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی واقیعی یان پڕۆژەیەکی چاکسازیی ئابووری و کارگێڕی پێشکەش بکرێت.

گەورەترین کێشەی پێکهاتەیی ئەم هێزانە، دروستبوونی پەیوەندییەکی ژێرزەمینی و سیمبایۆتیکی متمانەپێکراوە لەگەڵ هێزەکانی دەسەڵاتدا. سیمبایۆتیکی بەو مانایەی کە هەردوو هێزی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، بۆ مانەوە پێویستییان بەیەکترییە، هەردوولا نمایشی رکابەری سیاسی یەکتر دەکەن و مامەڵەیان لەگەڵ یەکتردا بەشێوازی دژەگوتارە لە شکڵدا بەڵام هەردووکیان بەهاوبەش لە بەڕێوەبردنی ڕێساکانی یارییەکەدا هاوبەرژەوەندین. ئەم ئۆپۆزسیۆنە خۆماڵییە فۆڕماڵییە، لە ئاستی سەرەوەدا گوتارێکی ڕادیکاڵ و نەیار پێشکەش دەکات، بەڵام لە ژێرەوە و لە ڕێگەی ئابووریی حزبی، کۆمپانیا سێبەرەکان، و پشکی بازرگانی، گرێدراون بە ناوەندی بڕیاری ئۆلیگارشی دەسەڵات. ئەم بازرگانییە سیاسییە وایکردووە کە ئۆپۆزسیۆن نەتوانێت وەک هێزێکی ڕاستەقینەی فشار کار بکات، چونکە ناتوانێت دەستبەرداری ئەو سامان و ئیمتیازاتە مادییانە بێت کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی سیستەمەکەوە پێی دەگات. لێرەوە، ئۆپۆزسیۆن دەبێتە پاشکۆیەک بۆ شەرعیەتدان بە مانەوەی بارودۆخەکە نەک هێزێک بۆ گۆڕانکاری.

ئەرکێکی تری بنەڕەتی و ژێربەژێری ئەم ئۆپۆزسیۆنە ڕواڵەتگەرایە لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتدا، بریتییە لە بەرهەمهێنانەوەی هۆشیاریی ساختە لە نێو جەماوەردا.

لە ساتەوەختە هەستیارەکاندا کە کۆمەڵگە دەگاتە ئەوپەڕی توڕەیی و نائومێدی لە سیستەمی فەرمانڕەوا، ئۆپۆزسیۆن وەک میکانیزمێکی جڵەوگیرکردنی ناوخۆیی دەستبەکار دەبێت. لە ڕێگەی گوتارێکی حەماسی و پۆپۆلیستییەوە، تەواوی ئەو خواست و پێویستی و توڕەیییە ڕادیکاڵانەی شەقام کە پوتانسیەلی دروستکردنی گۆڕانکاریی دەرەکییان هەیە، دادەکێشێت و ئاڕاستەی نێو سندوقەکانی دەنگدانیان دەکاتەوە.

ئەم ستراتیژە هاندەرە، بووەتە کەرەستەیەک بۆ ڕێگریکردن لەوەی جەماوەر پەنا بۆ ئامرازە ڕاستەقینەکانی دەرەوەی پرۆسەکە (وەک ناڕەزایەتی مەدەنی هەمەلایەنە یان مانگرتنی گشتی) ببات؛ چونکە دەسەڵات باش دەزانێت لە دەرەوەی کایەی سندوقەکان کە خۆی ئەندازیاری دەکات، ناتوانێت گرەوی مانەوەی خۆی بکات.

لێرەوە، ئێمە بەردەوام بینەری سیناریۆیەکی تراجیدیی دووبارەین؛ پێش هەڵبژاردن، ئۆپۆزسیۆن بانگەشەی هەڵبژاردنێکی نەزیهـ و کاریگەر دەکات و هانی خەڵک دەدات ڕوو لە سندوقەکان بکەن، بەمەش بە ویستی خۆی یان بە ناچاری، دەبێتە هۆکاری ماکیاجکردنی سیستەمە تۆتالیتارەکەی دەسەڵات لەبەردەم کۆمەڵگەی مەدەنی و نێودەوڵەتیدا. بەڵام دراما شێوەگەراییەکە لێرەدا کۆتایی نایەت؛ هەر دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، هەمان ئەو هێزانەی ئۆپۆزسیۆن تۆپخانە میدیاییەکانیان ڕوودەکەنە پرۆسەکە و دەرئەنجامەکانی و هاواری ساختەکاری دەکەن. ئەم گوتارە دژبەیەکە، لە ڕاستیدا تەنیا ستراتیژێکە بۆ شاردنەوەی شکستی پڕۆژەی خۆیان و لە هەمان کاتدا هۆشیارییەکی ساختە بە جەماوەر دەبەخشێت کە گوایە هێشتا کێشەکە تەنیا لە “تەکنیکی دەنگدانەکەدا” بووە، نەک لە خودی پشتبەستن بە سیستەمێکی پەککەوتوو کە ئەوان خۆیان بوونەتە هۆکاری شەرعیەتپێدانی ڕواڵەتی و پاراستنی مانەوەی.

کاتێک دۆخی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان لەگەڵ مۆدێلە دیموکراسییە پێشکەوتووەکاندا بەراورد دەکەین، قەبارەی فشەڵی و لاوازییەکەی زیاتر دەردەکەوێت:

بەراورد بە مۆدێلی بەریتانی: مۆدێلی بەریتانی پشت بە “کابینەی سێبەر” دەبەستێت، کە تێیدا ئۆپۆزسیۆن بۆ هەر جومگەیەکی حوکمڕانی خاوەنی پسپۆڕ و پڕۆژەی ئامادەیە. لە کوردستاندا، ئۆپۆزسیۆن تەنیا ڕەخنە لە قەیرانەکان دەگرێت بەبێ ئەوەی یەک تێزی زانستی یان پڕۆژەیاسای تۆکمە بۆ چارەسەری کێشە دارایی و کارگێڕییەکان پێشکەش بکات.

بەراورد بە مۆدێلی ئەڵمانی: لە ئەڵمانیا ئۆپۆزسیۆن لە ڕێگەی لیژنە پەرلەمانییەکانەوە بەشدارە لە هاوسەنگکردنی یاساکان. لە کوردستاندا، بەهۆی لاوازی بنکەی فیکری و پەرتەوازەیی حزبەکان، ئۆپۆزسیۆن ئامرازە پەرلەمانییەکانی کردووەتە هۆیەک بۆ نمایشکردنی میدیایی لەبری بەکارهێنانیان وەک ئامرازی لێپێچینەوەی یاسایی.

بەراورد بە مۆدێلی مالیزی: سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن لە ڕژێمە نیمچە-دیموکراتەکاندا بەندە بە توانای دروستکردنی هاوپەیمانییەکی ستراتیژی بەرین پێش هەڵبژاردن. بەڵام لە کوردستاندا، “نەبوونی شەرعیەتی سیاسی و متمانەی ناوخۆیی” لە نێوان پارتە ئۆپۆزسیۆنەکاندا، وایکردووە کێبڕکێ و ململانێی نێوان خۆیان قووڵتربێت لە ململانێیان لەگەڵ دەسەڵات، ئەمەش پێگەی گشتی ئەوانی لاواز و فشەڵ کردووە.

لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان لە ڕووی جوگرافی و سیاسییەوە لە ناوەندی یەکێک لە توندترین قەیرانە سەربازی و جیۆپۆلەتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەژیت، بێباکی و خەمساردی هێزە سیاسییەکان گەیشتووەتە ئاستی هەڕەشەی ئاسایشی نیشتمانی. لەم جۆرە بارودۆخانەدا، زانستی سیاسی پێمان دەڵێت کە پێویستییەکی جدی و بەپەلە بە یەکگرتوویی نیشتمانی و پێکهێنانی حکومەتێکی دامەزراوەیی بەهێز دێتەکایەوە کە بتوانێت مەلەفی دیپلۆماسی، سەربازی و ئابووری بەڕێوەبەرێت. بەڵام پەکخستنی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ و مانەوەی حکومەت لە دۆخی کاربەڕێکەردا، دەیسەلمێنێت کە نوخبەی سیاسی لە کوردستان بە تەواوی دابڕاوە لە درککردن بەو مەترسییە ستراتیژییانەی کە ئایندەی قەوارەی هەرێمەکە دەستنیشان دەکەن.

خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مۆدێلێکی مێژووییە لە پاشەکشەی دیموکراسی، لاوازی دامەزراوەیی و قەیرانی پێکهاتەیی لە جەوهەری شەرعیەتدا.

ئەو فۆڕمە لە ئۆپۆزسیۆن کە لەم خولەدا دەردەکەوێت، بەهۆی تێکەڵاوبوونی لەگەڵ ئیمتیازاتەکانی دەسەڵات، پشتگیری کۆمپانیا سێبەرەکان و پشتبەستنی بە گوتاری پۆپۆلیستی، شەرعیەتی ڕاستەقینەی خۆی لەدەستداوە. کاتێک پەرلەمان لە ناوەڕۆک خاڵی دەکرێتەوە و ئۆپۆزسیۆنیش دەبێتە ئەندازیاری بەرهەمهێنانەوەی هۆشیاریی ساختە، چەمکی دیموکراسی کورتدەبێتەوە بۆ نمایشێکی فۆڕماڵیستی بێبەرهەم کە تەنیا ئەرکی هەڵمژینی توڕەیی شەقام و قوتدانەوەی نارەزایەتییەکان لەخۆیدا دەبینێتەوە.

بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییە ڕەهایە، پێویستی بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی چەمکی ئۆپۆزسیۆن و حوکمڕانی هەیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نیشتمانی.

ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی دابڕانی تەواوی ئۆپۆزسیۆن لە ژێرخانە ئابوورییەکانی دەسەڵات، و گۆڕینی ئەرکەکەی لە هێزێکی ڕواڵەتییەوە بۆ ناوەندێکی ڕێکخەر بۆ دەنگی شەقام دێتە دی. پێویستە ئۆپۆزسیۆن لە جەوهەردا نەک لە فۆڕمدا خۆی دابڕێژێتەوە، و پڕۆژەی ڕاستەقینەی ئەڵتەرناتیڤانە بۆ دەسەڵات هەڵگرێت، نەک وەک ڕابردوو وەک “منداڵی ناو سیستەمەکە” بمێنێتەوە و تەنیا کایەی ڕەخنە بۆ ماکیاجکردنی تۆتالیتاریزم بەکاربهێنێت.

ژینگەی جیۆپۆلەتیکی توندی ناوچەکە چاوەڕوانی تاقیکردنەوە فۆڕماڵییەکانی نوخبەی سیاسی ناکات. بەبێ ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییانە لە هۆشیاریی سیاسی و پێکهاتەی دامەزراوەکاندا، دۆخی هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەر گۆڕانکارییەکی سەربازی و سیاسیی ناوچەییدا، دەبێتە قەوارەیەکی ناسک، کلۆر و بێبەرگری کە توانای پاراستنی دەستکەوتە مێژووییەکانی خۆی نابێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

هەروەها

Close
Close