
لیژنەی دارایی پەرلەمان:
لە بودجەی ساڵی 2027دا یەك ملیۆن گرێبەست و كرێی رۆژانە دەكرێنە هەمیشەیی
باسک نێت
عەلی موسەوی، ئەندامی ليژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە رۆژنامەی “الصباح” رایگەیاندووە، بڕیاری هەمیشەییکردنی گرێبەستەکان لەناو بودجەی ساڵی 2027 بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ لەناو وەزارەتی داراییدا قسەی لەسەر کراوە و گفتوگۆکان سەبارەت بەو بابەتە بەردەوام بوون تاوەکو گەیشتن بە رێککەوتن، ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی ملیۆنێک کەس كە بە گرێبەست و کرێی رۆژانە كاردەكەن دەخرێنە سەر راژەی هەمیشەیی، بە بێ مەرجی خزمەت.
لای خۆیەوە، پەرلەمانتار ئەحمەد مەساری بە رۆژنامەكەی وتووە، لیژنەی دارایی خەریکی دابینکردنی تەرخانکراوی دارایی پێویستە بۆ هەمیشەییکردنی گرێبەست و کرێکارانی رۆژانە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا، ئاماژەی بەوەشداوە، بودجەکە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران.
سەبارەت بە قەبارەی بودجەکەش، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاندووە، پڕۆژەی بودجەکە بە قۆناغەکانی کۆتایی گفتوگۆدا تێپەڕ دەبێت لە ناو ئەنجومەنی وەزیراندا، پێش ئەوەی بگەڕێنرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بۆ داڕشتنەوەی بە پێی ئەو رێککەوتنە کۆتاییانەی کە پێیان گەیشتوون، پاشان دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ وردبینیکردن لە دەقەکانیداو دەنگدان لەسەریان، وەک ئامادەکارییەک بۆ ناردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.
وتیشی، لیژنەکە چاوەڕوانی تەواوکردنی رێکارەکانە لە ناو ئەنجومەنی وەزیران و ناردنی پڕۆژەکە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و ئاماژەی بەوەداوە، وەزیری دارایی بە لیژنەکەی راگەیاندووە، قەبارەی بودجە دەگاتە نزیکەی 200 ترلیۆن دینار، کە 150 ترلیۆن دیناری بۆ بودجەی بڕگەكان و 50 ترلیۆن دیناریش بۆ بودجەی بەرنامە و ئەنجام دەبێت.




