
قاسم ئەعرەجی:
خچەکی پێشمەرگە لە چوارچێوەی دەستوردایەو بڕیاری کۆکردنەوەی چەک هەموو ئەو چەکانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی دەستورن
باسک نێت
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئەمنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، گفتوگۆ لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان بەردەوامە بۆ سنوردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، جەختیشدەكات، چەکی پێشمەرگە لە چوارچێوەی دەستوردایە و بڕیاری کۆکردنەوەی چەک هەموو ئەو چەکانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی دەستورن.
ئەعرەجی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “الجزیرە”ی قەتەری، رایگەیاند، گرووپەكان لە ئێستادا پابەندن بە ئەنجامنەدانی هیچ کارێک دژی وڵاتانی دراوسێ یاخود لەناو عێراقداو پێداگرین لەسەر کۆتاییهێنان بەو دۆسیانەی کە دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە عێراق و وڵاتانی دراوسێ.
وتیشی، دەرفەتەکە گونجاو دەبێت دوای کشاندنەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە 30ی ئەیلوولی داهاتووداو گفتوگۆكان جددی دەبێت لەگەڵ گرووپەكان بۆ كۆكردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، ئاماژەی بەوەش داوە، کشاندنەوەی هاوپەیمانان بە مانای پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن نایەت و بەردەوام دەبین لە ئاڵوگۆڕی زانیارییە ئەمنیەكان.
ئەعرەجی راشیگەیاندووە، پەیوەندییان لەگەڵ ئێران و ئەمریکا باشە و هەوڵدەدەن بینە پردێک بۆ پەیوەندی بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە مافی تەواوی ناوچەکە مسۆگەر بکات، ئێران دۆستمانە و ئەمریکاش بە هەمان شێوە، بەڵام بەرژەوەندی خۆمان لە پێشینەیەو توانای ئەوەمان هەیە قەناعەت بە لایەنەکان بکەین لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانماندا.
روونیشی کردەوە، ئەو بارودۆخەی بووە هۆی بوونی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراقدا، بە کۆتاییهاتنی دۆسیەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆتایی دێت، بوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە خاکی عێراقدا ناڕەوایە و لەگەڵ لایەنی تورکی کار دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.




