
ئایا مەزڵوم عەبدی دۆڕا !
نزار کمال✍️باسک نێت
لەسەرەتای دروستبوونی بەهاری عەرەبی و شۆڕشی گەلانی ناوچەکە دژی ڕژێمە داپڵۆسێنەرە ڕەگەزپەرست و طائیفیەکانی ناوچەکە ، خۆشبەختانە گەلی کورد لە ڕۆژئاوا دوای دەیان ساڵ بێدەنگی کەوتنە خۆ و لە زۆرینەی ناوچە کوردیەکان و بگرە زیاتریش بەڕێوەبەرێتی خۆسەریان تەشکیل دا و چەندین ساڵ هەناسەی ئازادیان هەڵمژی ..
ئەگەرچی بە (قیاسی نەتەوە) چاو لە جموجوڵ و چالاکیەکانی بەڕێوەبەرێتی خۆسەر بکەین ، لە ڕواڵەتدا مۆرکێکی ئایدۆلۆجی پێوە دیاربووە و کەمتر ئاڵا و کاڵا و دروشمی نەتەوەییمان بەرچاودەکەوت .
بەر لەکەوتنی بەشار ئەسەد و ڕژێمی پێشوو، ئەگەرچی ڕاستەوخۆ خەڵکی ناوچەکە فەرمانڕەوای ناوچەکانی خۆیان بوون ، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین لە ژێر ناوێکی حیزبی و ناڕاستەوخۆش فەرمانڕەوایی دەوڵەتی سوریادا بوون و نە ئیسرائیل و نەئەمریکاش هەرگیز وەک دەوڵەتێکی فیدراڵ سەیری سوریایان نەکرد و ڕێگەیان نەدا کورد لەڕووی سیاسی و ئابووری و دبلۆماسی و جوگرافیەوە سەربەخۆ بێت و ئەوەی هەبوو تەنها ئیدارەدانی ئەمنی ناوچەکە بووە ، ئەویش بەو دەست لێبەردان و بەهەلاکدابردنەی زووزوو بەناو هاوپەیمانە ئەمریکی و ئیسرائیلیەکان بەسەر ڕۆژئاوایاندا دەهێنا .
ئەوانەی بەناوی کوردایەتیەوە ئێستە کەوتونەتە تانەدان لەبڕیارەکەی مەزڵوم عەبدی ، دڵنیاین گرفتی ئایدۆلۆجیان هەیە و کێشەیان ئەوەنیە عەبدی بۆ ڕێککەوت و لەسەرچی ڕێکەوت ، بەڵکو کێشەیان ئەوەیە عەبدی لەگەڵ کێ ڕێککەوتووە .
ئەگینا بۆ لەکاتێکدا ڕۆژئاوا لەگەڵ بەشار ئەسەد ڕێکوتبوون و فەرمانڕەواییەکی نیمچە فیدراڵیان هەبوو گرفتیان نەبوو .
لەکاتێکدا کورد لەسەردەمی بەشاردا هیچ جۆرە مافێکی ژیانی شکۆمەندانەی نەبوو .
بەڵام مەزڵوم عەبدی و ڕۆژئاوا ڕێکەوتنێکی ئەمنی سیاسی و ئابووری بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی کورد لەڕۆژئاوا و حسابکردن بۆ بەشێکی زۆری مافەکانی کورد لەسوریا لەگەڵ سەرۆکی سوریادا ئەنجامداوە و ئەوەی بەچەک نەیانتوانی بەدەستی بهێنن بە ئاشتی و لەسەر مێزی گفتوگۆ بوونە خاوەنی .
عەبدی و بەڕێوەبەرێتیەکەشی ژیرانە مامەڵەیان کرد و نەیانویست جارێکی دیکە لە کونی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بگەزرێنەوە و لەگفتوگۆکاندا ڕاستەوخۆ خۆیان نوێنەرایەتی گەل و دەسەڵاتی خۆیان کرد .




