رابــهری گشتینوسەران
سیاسەت؛ کایەی ئەقڵی سارد یان سەمای پۆپۆلیزم؟

سیاسەت؛ کایەی ئەقڵی سارد یان سەمای پۆپۆلیزم؟
د.ئارام ئەحمەد✍️باسک نێت
سیاسەت لە پانتایی و جوغرافیاییەکی خەتەرناکدا، تەنیا مەیدانی دروشم و حەماسەتی ڕووت نییە، بەڵکو گۆڕەپانی لێکدانەوەی ساردوڕەقی هاوسەنگیی هێزە. کاتێک هوشیاریی فیکری و ستراتیژی لە ئارادا نابی بەتەواوی سنووری نێوان «پاشایەتی» و «جاشایەتی» تێکەڵ دەبێت؛ ئەوەی لای هێزە هەرێمی و دەستڕۆیشتووەکان درێژکراوەی دەسەڵاتداری و پاراستنی بەرژەوەندیی سەروەریی خۆیانە، لای جەماوەر یان لایەنی بێبەرنامە دەبێتە خزمەتکاریی بەلاش و ژێردەستەیی بۆ ئەجێندای بێگانە. ئەم جیاوازییە کوشندەیە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە کاتێک هێزێک ستراتیژی سەربەخۆ و ناوەندێتیی ئەقڵانیی خۆی لەدەست دەدات، بێئاگایانە دەبێتە سووتەمەنیی یارییەک کە یاسا و قازانجەکانی لەلایەن ئەوانی دیکەوە نووسراونەتەوە.
مێژووی سیاسیی ناوچەکە پڕییەتی لەو سەروەرییە وەهمییانەی بە چەپڵەڕێزان و هاندانی کاتیی جەماوەر دەستیان پێکردووە و بە داڕمان و شەرمەزاریی مێژوویی کۆتاییان هاتوووە. حیکمەتی سیاسی ئەوەیە کە بڕیارە چەرخسازەکان لەژێر کاریگەریی هەست وسۆز و هەلەهلەی سۆشیاڵ میدیا و گۆڕەپانەکاندا نەدرێن؛ چونکە سەمای سیاسی لەسەر شەپۆلی پۆپۆلیزم، تەنیا وێنەیەکی کاتیی بریقەدار دەبەخشێت و لە کاتی تەنگانەدا واقیعە تاڵەکەی ڕووت دەبێتەوە. کاتێک بەبێ قووڵایی ستراتیژی و حسابکردن بۆ هاوسەنگیی هێز، بکەویتە ناودڵی شاییەک کە ئاوازەکەی نەیارەکانت دەیژەنن، لە کۆتاییدا تەنیا ماڵوێرانییەکەی بۆ تۆ دەمێنێتەوە و زەردەخەنەی سووکایەتیش بۆ ئەوان.
دەوڵەتداری و کایەی ڕیالپۆلیتیک پیاوی حەکیمی خۆی دەوێت؛ سیاسەت هونەرێکە پێویستی بە ئەقڵێکی ساردی ئەندازیاری هەیە، نەک کوڵانی عاتیفەی بێپلان. سیاسەت مەیدانی یاریی ئەکتەرە کەمهۆشەکان نییە کە بە هەڵچوونی دروشم حوکمی چارەنووسی گەلێک بکەن. تا ئەو کاتەی تێگەیشتنی فیکری بۆ ناوەرۆکی دەسەڵات دروست نەبێت و کەرامەتی سیاسی لەسەر دانایی و بەرژەوەندیی باڵا بونیاد نەنرێت، هەموو جوڵەیەک بەرەو پێشەوە تەنیا سووڕانەوەیە بەدەوری ئامانج و یارییەکانی نەیاردا.
چیرۆکی وێنەی یەکەم؛ لەکاتی ماڵئاوایکردنمان دوبارە باس باسی تاکیدکردنەوەی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد بوو لە سوریای نوێ.



