
وەزیری دارایی عێراق:
مووچە مسۆگەركراوەو هیچ نییەتێک نییە بۆ دابەشکردنی بە 45 رۆژ جارێک
”
باسک نێت
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی مسۆگەركراوەو هیچ نییەتێک نییە بۆ دابەشکردنی مووچە لە 45 رۆژ جارێکدا.
ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویكردووەتەوە، وەزیری دارایی لە میانی دیدارێكی لەگەڵ ژمارەیەک لە شارەزایان و پسپۆڕان، رایگەیاندووە، تێچووی مانگانەی مووچە دەگاتە نزیکەی 7 تریلیۆن و 700 ملیار دینارو کار دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی مووچەی پلە نزمەکان.
راشیگەیاندووە، وەزارەت بەرزبوونەوەیەكی گەورەی لە تێچووەکان بەدی کردووەو کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەم تێچووە زیادانە و رێکخستنی خەرجییەکان و بەرزکردنەوەی کارایی بەکارهێنانی سەرچاوە داراییەکان.
سەبارەت بە دۆسیەی باج، وتویەتی، وەزارەت نزیکەی 3800 گەورە باجدەری دەستنیشانكردووە، لە کاتێکدا ژمارەی ئەوانەی پابەندن بە دانانی باج لە 1300 باجدەر تێپەڕ ناکات.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوانەی باج دەیانگرێتەوە دابەش کراون بۆ دوو بەش، کار دەکرێت بۆ فراوانکردنی رووبەری باج لە رێگەی گرتنەبەری ژمارەی باجی (الرقم الضریبی).
وەزیری دارایی لە بەشێكی تری قەسەكانیدا باسی لەوەكردووە، بودجەی بەرنامەکان (موازنة البرامج) هەردوو وەزارەتی دارایی و کارەبا و هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و دیوانییە دەگرێتەوەو نزیکەی 20 تریلیۆن دینار شایستەی دارایی وەزارەتی دارایی لەسەر لایەنەکانی تر کەڵەکە بووە و کار دەکەن بۆ چارەسەرکردن و رێکخستنەوەی ئەم شایستەیانە.
سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت، وەزیری دارایی رایگەیاندووە، هێڵێکی بۆری سعودیە–کوەیت هەیە کە بە دەریای سوردا تێدەپەڕێت و توانای گواستنەوەی دەگاتە دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکداو ئەگەری هەیە عێراقیش تێیدا بەشدار بێت.




