نوسەران

لە یادی مەولوود دا، یەک دوو قسە!

لە یادی مەولوود دا، یەک دوو قسە!

شەپۆل احمد✍️باسک نێت
٢٤/٨/٢٠٢٦
مکة المکرمة

یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە نێوان چەمکی شوێنکەوتنی دەق و شۆڕبوونەوە بۆ ناو ڕۆحی شەریعەتدا، یەکێکە لەو بابەتە فیکری و فیقهییە قووڵانەی کە هەمیشە جێگەی مشتومڕی ناو نوخبەی زانستی و جەماوەری موسڵمانان بووە. تێگەیشتن لەم کێشەیە تەنیا ڕەتکردنەوە یان قبووڵکردنی ئاهەنگێک نیە، بەڵکو پەیوەستە بە فەلسەفەی دامەزراندنی سۆز، چەمکی ( بیـــدعە )و سنووری دەسەڵاتی عەقڵ لە ڕاڤەکردنی دەقە پیرۆزەکاندا.

لەلایەکەوە، تێڕوانینی سەلەفی لەسەر بنەمای شوێنکەوتنی حەرفی و دەقی دامەزراوە. بەپێی ئەم دیدگایە، هەر کارێک کە لە سێ سەدەی یەکەمی زێڕینی ئیسلامدا لەلایەن پێغەمبەر، هاوەڵان، و شوێنکەوتووانیانەوە ئەنجام نەدرابێت، ناکرێت وەک پەرستش یان لایەنێکی ئایینی سەیر بكرێت.

ئەم قوتابخانەیە پشت بە فەرموودەی پێغەمبەر دەبەستێت کە دەفەرموێت «کل بدعة ضلالة» (هەر داهێنراوێک لە ئاییندا گومڕاییە). دەلیلە فیکرییەکەیان لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە ئایین بە وەحی تەواو بووە،

بەپێی ئایەتی «الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ»،

بۆیە زێدەکرنی هەر شێوازێکی نوێی جەژن کردن، تەنانەت ئەگەر بە ناوی خۆشەویستیشەوە بێت، جۆرێکە لە تۆمەتبارکردنی پێشینان بەوەی لە تێگەیشتنی ئایین و دەربرینی خۆشەویستی کەمتەرخەم بوون.

لە لایەکی ترەوە، جەماوەری زۆری فەقێهان و ڕوانگەی عیرفانی و جەماوەری موسڵمانان، بابەتەکە لە زاوییەیەکی فراوانترەوە سەیر دەکەن، کە بە مەقاسیدی شەریعەت یان ئامانجە باڵاکانی ئایین دەناسرێت.

لەم دیدگایەوە، داهێنانی هۆکار (وسیلة) جیاوازە لە داهێنانی ئامانج (غاية). مەولود خۆی لە خۆیدا پەرستشێکی نوێ نییە، بەڵکو کۆبوونەوەیە لەسەر خوێندنەوەی قورئان، بەخشینی خواردن، صەڵاواتدان، و بەبیرهێنانەوەی ڕەوشتە بەرزەکانی پێغەمبەر. قورئانی پیرۆز بە ڕاشکاوی دەفەرموێت «قُلْ بِفَضْلِ اللَّهِ وَبِرَحْمَتِهِ فَبِذَٰلِكَ فَلْيَفْرَحُوا» (بڵێ بە فەزڵ و ڕەحمەتی خۆدا با دڵخۆش بن). لێرەدا دەپرسرێت: ئایا لە پێغەمبەری ئیسلام گەورەتر ڕەحمەت بۆ مرۆڤایەتی هەیە، لە کاتێکدا قورئان دەفەرموێت

«وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِّلْعَالَمِينَ»؟

لە ڕووی عەقڵییەوە، دەکرێت بەراوردێک بڕەخسێندرێت لە نێوان داهێنراوی زیانبەخش و داهێنراوی بەسود.

ئیمامی شافیعی و کۆمەڵێک لە فەقێ گەورەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەر شتێکی نوێ دژی قورئان و سونهەت و ئیجماع نەبێت، ناکەوێتە خانەی بیدعەی گومڕاکەرەوە. بۆ نموونە، کۆکردنەوەی قورئان لە یەک پەڕتووکدا لە سەردەمی ئەبوبەکری صدیق، یان نووسینەوەی زانستی نەحو و فەرموودەکان، لە سەردەمی پێغەمبەردا نەبوون، بەڵام چونکە لە خزمەتی بنەما گشتییەکانی ئاییندا بوون، پێشوازییان لێکرا. بە هەمان لۆژیک، ڕێکخستنی یادی لەدایکبوونی سەروەری مرۆڤایەتی لە سەردەمێکدا کە ناسنامەی رووحی موسڵمانان ڕووبەڕووی کاڵبوونەوە دەبێتەوە، هۆکارێکە بۆ زیندووکردنەوەی خۆشەویستی و پەیوەندی ڕۆحی، نەک تێکدانی ڕێبازی پێشینان.

ئەم دوو ئاڕاستەیە دەکرێت وەک دوو ئاستی تێگەیشتن ببینرێن: ئاستێک کە دەیەوێت سنوورە ظاهیرییەکانی دەق بە تەواوی بپارێزێت تا ئایینەکە تێکەڵ بە دابونەریت نەبێت، و ئاستێکی تر کە دەقەکە دەبەستێتەوە بە ڕووح و مەقاسیدەوە تا ئایینەکە وەک ڕەحمەتێکی پڕ لە جووڵە و سۆز لە ناو دڵ و دەروونی ئومەت دا بە زیندوویی بگەشێنێتەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

هەروەها

Close
Close