
دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایدەگەیەنێت، توانیویانە دەست بەسەر بڕێکی زۆری پارەدا لە دەرەوەی وڵات بگرن، ئاشکراشی دەکات کە بەمزووانە ڕەشنووسی یاسای تایبەت بە گەڕاندنەوەی پارەکان دەخرێتە بەردەم پەرلەمان.
عەباس موتعب، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گەڕاندنەوە لە دەستەی دەستپاکی و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی سندوقی گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، فەرمانگەکەیان یەکێکە لە پێشەنگەکان لە بواری وەرچەرخانی دیجیتاڵیدا، و توانیویانە دەست بەسەر بڕێکی زۆری پارەدا لە دەرەوەی عێراق بگرن، ئەمەش ڕێگری لە گەندەڵکاران کردووە کە مامەڵە بەو پارانەوە بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستەی دەستپاکی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی داد، کار بۆ تۆمارکردنی سکاڵای شارستانی دەکات بەمەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو پارە دەستبەسەرداگیراوانە کە قەبارەیەکی زۆر گەورەیان هەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گەڕاندنەوە ڕوونیشیکردەوە، بە هەوڵەکانی محەمەد لامی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و ستافەکەیان، سەرکەوتوو بوون لە دەستبەسەرداگرتن و گەڕاندنەوەی پارەکان، سەرباری ئەوەی تا ئێستا یاسایەکی گشتگیر نییە بۆ ڕێکخستنی پرۆسەکانی گەڕاندنەوە. لەم چوارچێوەیەشدا ڕایگەیاند، بەمزووانە ڕەشنووسی یاسایەکی تایبەت بەو پرسە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت، و پێشبینیش دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا دەستکەوتی زیاتر لەو بوارەدا ڕابگەیەنرێت.
باسک نێت




