نوسەران

ڕەجمی شەیتان و ڕەهەندەشاراوەکانی پشت ئەو کردارە!

ڕەجمی شەیتان و ڕەهەندەشاراوەکانی پشت ئەو کردارە!

شەپۆل احمد✍️باسک نێت

بەردباران کردنی شەیتان (ڕەجمی جەمەرات) یەکێکە لە پڕ واتاترین و گرنگترین ڕێوڕەسمەکانی فەریزەی حەج.
ئەم کردارە تەنیا مەڕاسیمێکی ڕووکەش نییە، بەڵکو پەیامێکی قووڵی ڕۆحی، فیکری و دەروونی لەپشتە کەچی زۆرجار ڕەخنە لەم ڕێوڕەسمە دەگرن و دەڵێن ئەمە بەردگرتنە لە دیوارێک کە شەیتانی لێ نییە و کارێکی بێسوودە! یان دەڵێن ئەمە نەریتێکی کۆنە و لەگەڵ سەردەمی عەقڵانییەتدا ناگونجێت.

گەورەترین هەڵە ئەوەیە کە تەنیا سەیری ڕوکاری فیزیکی ڕووداوەکە بکرێت چونکە بە ڕاستی ژیانی مرۆڤ خۆی بەبێ هێماکان بەتاڵەو هەمیشە لە ڕێگەی کەرەستە یان کرداری سادەوە پەیامی زۆر گەورە دەگەیەنن.

ـ ئایا کاتێک وڵاتێک ئاڵای وڵاتێکی تر دەسووتێنێت، مەبەستی قوماشەکەیە؟ بێگومان نەخێر، مەبەستی ڕەتکردنەوەی سیاسەتی ئەو دەوڵەتەیە بەس مامەڵەکە بە هێما دەگەیەنرێت.

ـ کۆچبەرە فەلەستینییەکان لە ساڵی ١٩٤٨ەوە کاتێک لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەرکران کلیلە ئاسنە کۆنەکانی ماڵەکانی خۆیانیان پاراستووە و نەوە دوای نەوە دەیدەنە دەست منداڵەکانیان ، باشە پارچە ئاسنێکی کۆنی ژەنگاوی کە ئێستا هیچ دەرگایەک ناکاتەوە چی هەڵگرتووە؟ زۆر شت چونکە ئەم کلیلە بووەتە هێمای مافی گەڕانەوە بۆ نیشتمان ، کەواتە پاراستنی کلیلەکە واتە پاراستنی ناسنامە و تەسلیم نەبوون، نەک تەنیا حەز بۆ خاوەندارێتی پارچە ئاسنێک.

– کاتێک وەرزشکارێک یان زانایەک کۆتایی تەمەنی خۆی دەبەخشێت بۆ بەدەستهێنانی مەدالیایەکی زێڕ مانای ئەوە نیە پارچە کانزایەکی خڕ کە کێشەکەی چەند سەد گرامێکە و نرخی ماددییەکەی لە بازاڕدا زۆر کەمە خۆ بۆ ئەوە نەجەنگاوە، چونکە دەتوانێت بە پارە زۆر زیاتر لەو زێڕە بکڕێت، بەڵکو ئەو مەدالیایە هێمایە بۆ سەلماندنی باڵادەستی و دان پێدانانی جیهانی بە ماندووبوونی، و تۆمارکردنی ناوی لە مێژوودا.

لە هەندێک وڵات دا وەک هیندستان کاتێک دادوەرێک بڕیاری لەسێدارەدان بۆ تاوانبارێک دەردەکات، دەستبەجێ دوای واژۆکردنی بڕیارەکە، نووکی قەڵەمەکەی دەشکێنێت ئەمە چەند حیکمەتێکی هێمایی تێدایە.
یەکەم ، ئەو قەڵەمەی ژیانی مرۆڤێکی پێ کۆتایی هاتووە، نابێت جارێکی تر بۆ هیچ کارێکی تر بەکاربێتەوە.
دووەم: دادوەرەکە دەیەوێت بڵێت منیش ناتوانم پاشەکشە لەم بڕیارە بکەم و نووسراوەکە بوو بە بڕیاری کۆتایی.

ئیتر ئەوانە هەموو هێمان هەروەک چۆن هیچ عەقڵێک ناڵێت فەلەستینییەکان شێت بوون بۆیە ئاسنی کۆن دەپارێزن یان دادوەرەکە منداڵە بۆیە قەڵەم دەشکێنێت بە هەمان شێوەش تەنیا عەقڵییەتێکی ماددی وشک وەک مۆدێرنە دابڕاوەکان دەتوانێت بڵێت حاجیان بەرد لە دیوار دەگرن!

مرۆڤ بەبێ ئەم هێمایانە دەبێتە بوونەوەرێکی ئامێری بێ ڕۆح و ڕەجمی شەیتانیش گەورەترین پڕۆسەی هێماییە بۆ ڕاگەیاندنی جەنگی دەرونی دژی خراپە.

مۆدێرنە دەیەوێت هەموو شتێک بکاتە هاوکێشەیەکی ماتماتیکی یان قازانجی دارایی. ئەوان لەوە بێ ئاگان کە مرۆڤ تەنیا جەستە نییە، بەڵکو پێویستی بە تێرکردنی ڕۆحی و دەروونیش هەیە. ئەم مەڕاسیمە ئارامییەکی قووڵ بە ناخی مرۆڤ دەبەخشێت کە هیچ ئامێر یان تەکنەلۆژیایەکی مۆدێرن ناتوانێت بیبەخشێت.

کاتێک دەڵێن خۆ شەیتان لەوێ نییە ، وا دەزانن موسڵمانان باوەڕیان وایە شەیتان وەک بوونەوەرێکی فیزیکی لەناو ئەو کۆڵەکەیەدا بەستراوەتەوە!

موسڵمانان دەزانن کە ئەوە تەنیا شوێنی دەرکەوتنی شەیتان بووە بۆ حەزرەتی ئیبراهیم، و وەک یادگاری و جێبەجێکردنی فەرمانی خودا و نوێکردنەوەی بەڵێنی دژایەتی شەیتان ئەو کارە دەکەین.

بەکورتی، ڕەجمی شەیتان لووتکەی تێکەڵاوبوونی مێژوو، دەروونناسی، و عیبادەتە بەڕاستی تەنیا کرداری هاویشتنی بەرد نییە، بەڵکو بەردبارانکردنی هەموو ئەو ئارەزوو و وەسوەسە خراپانەیە کە مرۆڤ لە خودای خۆی دووری دەخەنەوە ، ئەم کردارە زیندووکردنەوەی سوننەتی حەزرەتی ئیبراهیمە کاتێک خوای گەورە فەرمانی کرد کە کوڕەکەی (ئیسماعیل) بکاتە قوربانی، شەیتان لە سێ شوێنی جیاوازدا جەمەرەی بچووک، ناوەڕاست و گەورە لێی دەرکەوت بۆ ئەوەی وەسوەسەی لێبکات و لە فەرمانی خودا پەشیمانی کاتەوە، ئەو پێغەمبەرەش بەردی تێ دەگرێت بەو مانایەی زاڵ نەبێت بەسەر بیر و بۆچونی داو وەسوەسە نەخاتەدڵیەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

هەروەها

Close
Close