نوسەران

مەوسیمی حەج ، گەشتێک لە دنیای جەنجاڵیەوە بەرەو قوڵایی ئارامی

مەوسیمی حەج ، گەشتێک لە دنیای جەنجاڵیەوە بەرەو قوڵایی ئارامی.

شەپۆل احمد✍️باسک نێت

حەج کردن تەنها گەشتێکی جوگرافی نییە بۆ شوێنێکی پیرۆز، بەڵکو کۆچێکی ڕوحییە لە جەنجاڵی دنیاوە بەرەو قووڵایی ئارامی دڵ.

کاتێک مرۆڤ هەموو نیشانەکانی پلە و پایەی دونیا لەبەر خۆی دا دادەکەنێت و تەنها پارچە قوماشێکی سپی دەپۆشێت، هەستێکی سەیر دایدەگرێت هەستێک کە هەست بە سووکی و ڕزگاربوون دەکات.

ئەوە ئەوپەڕی لوتکەی ئارامییە کە تێیدا بیر بکەیتەوە هەموومان لەبەردەم گەورەیی خودادا یەکین.

هەر هەنگاوێک لە تەواف و هەر وەستانێک لە عەرەفە، وەک شوشتنەوەی دڵ وایە ، مرۆڤ لەوێدا ئەو هەور پەڵە و لەککە تاریکانەی کە بەهۆی ماندوێتی ژیانەوە لەسەر دەروونی نیشتووە، پاک دەکاتەوە و دەگاتە ئەو ئیلهامە مەعنەوییەی کە پێی دەوترێت دڵنیایی و گه‌یشتن به‌ دڵێکی ساغ و سەلیم.

فێری ئەوەمان دەکات کە دەکرێت بە بێ کەلوپەلی دنیایی ، بە بێ تەکنەلۆژیا و بە بێ ڕاکردن بەدوای کاردا، مرۆڤ لەوپەڕی بەختەوەریدا بێت.
ئەو ساتانەی کە تەنها دەنگ، دەنگی نزا و پاڕانەوەو دوعایە ، مرۆڤ دەگەیەنێتە جۆرە ئارامییەک کە لە هیچ شوێنێکی تری ئەم زەوییەدا وێنەی نییە.

گەیشتن بە لوتکەی ئارامی لە حەجدا لەوێوە دەست پێدەکات کە مرۆڤ دان بە بچووکی خۆی و گەورەیی پەروەردگاردا دەنێت. ئەم دانپێدانانە قورسایی گوناه و خەم لەسەر شانی مرۆڤ لادەبات و وای لێدەکات وەک باڵندەیەکی سپی بگەڕێتەوە ناو ژیان.

بۆیە لەو مەوسیمی حەجەدا کە حاجیان پۆل پۆل بەرێ دەکەون ئێمەش دەستەودوعاین لێت خوایە گیان کە پاڕانەوەی هەموو حاجیان قبوڵ بکەیت و پاداشتی بێ سنوور بنووسیت بۆ ئەو ماندووبوون و سەفەرە ڕوحییەی کە دەستیان پێکردووە.
پەروەردگارا، حاجیانی ماڵی خۆت بپارێزە و بە دڵێکی پڕ لە ئیمان و جەستەیەکی ساغ و سەلامەت، بە سەربەرزی و ڕوویەکی گەشەوە بیانگەڕێنیتەوە ناو خێزان و ئازیزانیان.

خوایە گیان، چۆن کێوی عەرەفە دەبێتە جێگەی لێخۆشبوون، ئاواش حاجیانی ئەمساڵ بکەیتە نموونەی لێخۆشبوون و هەموو خەم و گرفتەکانیان بۆ بگۆڕیت بە ئارامی و دڵخۆشی.”

هیوای حەجێکی مەبرور و سەعییەکی مەشکور بۆ تەواوی حاجیانی کوردستان و جیهان دەخوازین؛ هیوادارین هەر نزا و دوعایەکیان هەیە لەبەردەم کەعبەی پیرۆزدا بێتە دی و ببنە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ وڵاتەکەمان.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close