
الشرق الاوسط:
ڤیتۆی ئێران كێشەی بۆ هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت دروست كردووە
باسک نێت
رۆژنامەی “الشرق الاوسط” لە زاری دوو بەرپرسی عێراقەوە ئاشکرای كردووە، ڤیتۆی ئێران کە ئامانج لێی رێگریکردنە لە دورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە حکومەتی عێراق، بووەتە ئاستەنگ لە دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی حكومەت، جەختیشسان كردووە، تاران داوای کردووە نوێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی، دەنگ نەدەن بە حكومەتێك كە کاریگەری لەسەر هاوپەیمانەكانی هەبێت و رێگری لە بوونیان بكات لەناو دەوڵەتدا.
ئەم پێشهاتانە هاوکاتە لەگەڵ ئەو هەواڵانەی باس لە هاتنی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران دەكەن بۆ بەغداد، لە کاتێکدایە کە دانوستانەکان پێكهێنانی حكومەت بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو گەیشتبووە قۆناغێکی پێشکەوتوو، لە گەرمەی پەرەسەندنی کێبڕکێی ئەمریکاو ئێران لەسەر شێوەی حکومەتی داهاتوو.
رۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەكانییەوە باسی لەوەشكردووە، قائانی لە چەند کاتژمێری رابردوودا گەیشتە بەغدادو لەگەڵ ئەو سەركردانەی بەشدارن لە پێکهێنانی حکومەت کۆبووەتەوە، ناڕەزایی تارانیشی دەربڕیووە لە بەرامبەر ملکەچبوونی تەواوەتی بۆ واشنتۆن.
لای خۆیەوە، بەرپرسێکی عێراقی دانوستانە بەردەوامەکانی بەغدادى بە گەمارۆ و دژە گەمارۆی گەرووی هورمز چوواندووە.




