
ئەم کەسە مەکەن بە هاوسەری کچەکانتان
پ . د . سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت
زۆرێک لە باوکەکان ئەوە نازانن کە ڕێژەیەکی زۆری گرفتە خێزانیەکان کە سەردەکێشن بۆ ناکۆکی و ئاڵۆزی بەردەوام تا ئاستی جیابوونەوەو لێکترازان ، هۆکارەکەی چاوچنۆکی و ( ڕەزیلی پیاوەکان ) ە .
دەزانن بۆ ؟ وەڵام : لەبەرئەوەی کاتێک باوک — زۆرجار — کەسێک دیاری دەکات بیکاتە هاوسەری کچەکەی زیاتر بابەتی ( دامەزراویی ) و ، ( ئاستی خوێندەواری ) و ، ( باری دارایی ) و ، ( توانای کردنەوەی ماڵێکی جیاو سەربەخۆ ) و ، (ناوبانگی بنەماڵەو خێزانی زاوا) بەهەند وەردەگرێت کە ئەمانە — بێ هیچ گومانێک — لایەنی زۆر بەبایەخ و گرنگن و ناکرێ لەبەرچاو نەگیرێن ، بەڵام ئەوەی جێی گلەیی و سەرنجە ئەوەیە ئەم باوکە — زۆر جار — کۆمەڵێک لایەن و بواری تر پشت گوێ دەخات کە هیچیان بایەخ و کاریگەریان کەمتر نیە لە خاڵە جەوهەریەکانی تر ، وەک ( تەندروستی دەروونیی ) و ، (گیانی بەخشندەیی ) و ، ( سەخاوەت ) و ، ( وەفاداریی ) و ، ( هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ) و ، (توانای سەرکردایەتیکردنی کەشتی خێزانیی ) بە حیکمەت و لێزانی و هاوسەنگیەوە.
بێ گومان کاتێک لە گرفتی ڕەزیلی یان بەخیلی ورد ئەبینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم سیفەتە زۆر لەوە فراوانترە تەنها پەیوەندی بەلایەنی داراییەوە بێت و ، بابەتەکەو ئافەتەکە زۆر لەوە قوڵترو فراوانترو گشتگیرترە ، چونکە ئەو کەسەی لە ڕووی دارایی و پارەوە ڕەزیل و دەست قوچاو بێت ، بە زۆری و بە ئەگەری زۆرەوە لە بوارو لایەنەکانی تریشدا هەر ڕەزیل دەبێت ..
لە زەردەخەنەو ڕوو خۆشیدا ڕەزیلە ، لە پێزانیندا ڕەزیلە ، لە دڵنەواییدانەوەدا ڕەزیلە ، لە هەست و نەست و سۆزو عاتیفەو ئیحساسدا ڕەزیلە ، لەکات بەخشین و ڕەچاوکردن و خزمەتکردنی کەسانی تردا ڕەزیلە….ئەم کەسە ڕەزیلە بەردەوام سەرقاڵی وردەکاریەکانە ، لەسادەترین و بچوکترین شت لێپرسینەوە دەکات …هەر ئەم کەسە لەبەرانبەردا کاتێک وەردەگرێت بۆ خۆی بێ سنوور وەردەگرێت ، بەردەوام لە جۆرو چەندایەتی داواکاریەکانیدا زیادەڕەوی دەکات ، هەمیشە بە نەفەس و گیانی گێچەڵ پێکردن مامەڵە دەکات و دەجوڵێتەوە ، تەنها لەخەمی خۆیایەتی و بەرژەوەندی و ئارەزووەکانی خۆی لەبەرچاوە .. ئەم کەسە خێزانەکەی وەک هاوسەرو هاوەڵی ژیان تەماشا ناکات ، بەڵکو وەک مرۆڤێک تەماشای دەکات کە پێویستە لەسەری گوێڕایەڵ بێت و بەردەوام خزمەت بکات و ببەخشێت … بەڵام پێی وایە ئەوەی ئەو دەیکات ئەرکی سەرشانی نیە ، بەڵکو پیاوەتیەو دەبێت پێی بزانرێ و بنرخێنرێت…. لێرەوە ئیتر هاوکێشەکە تێک دەچێت :
( سووربوون و تووندبوون لە وەرگرتندا ، گوێنەدان و کەمتەرخەمیش لە بەخشیندا ) .
بەم پێیە ژیانی هاوسەریی بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە تاڵاویی و زاخاو و ئازاری بەردەوام ، کە تێیدا لایەنی بەرانبەر ( ئافرەتەکە ) هەست بە فەوتان و ستەم و ناڕەوایەتیی دەکات … بۆیە زۆر پێویستە باوکەکان و گەورەکان —- لە پێناو خۆشبەختی و ئاسوودەیی و ئارامیی ژیانی کچەکانیان —- ئەوپەڕی گرنگی و بایەخ بەم لایەنە بدەن کاتێک کەسێک هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی ببێتە هاوسەری کچەکانیان ، واتە با تەنها چاویان لەسەر ئەوە نەبێت ئەو کەسەی هاتۆتە داخوازی کچەکەیان کارو پیشەی چیە ، خاوەنی چیە ، چەند پارەو سامانی هەیە ، بەڵکو باسەرنجی قوڵیان زیاتر لەسەر ئەوە بێت ئەم کەسە چ جۆرە کەسێکە ، چۆن بیر دەکاتەوە ، چۆن دەبەخشێ ، چۆن مامەڵە دەکات ، چۆن بەرپرسیارێتیەکانی سەرشانی هەڵدەگرێ ؟ چۆن ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات ..
ئەمەش بۆ ئەوەی نەبادا دوای کەوتنی تەور بەسەر سەردا ، دوای ئەوەی کار لەکار ترازاوە ، دوای ئەوەی پەشیمانی هیچ کەڵک و سوودێکی نامێنێ ، دوای ئەوەی هیچ دەروازەو دەرچەیەک بۆ چارەسەر نەماوە ، ئینجا پەی بە خەلەل و خاڵە لاوازو دەردە کوشندەکە ببەن .




