جیهانهەواڵ

مەرسوم سەرۆکایەتییەکەی سوریا تایبەت بە پێدانی ڕەگەزنامە بە کورد, چووە بواری جێبەجێکردنەوە

مەرسوم سەرۆکایەتییەکەی سوریا تایبەت بە پێدانی ڕەگەزنامە بە کورد, چووە بواری جێبەجێکردنەوە

باسک نێت

لە پارێزگای حەسەکە، پرۆسەی وەرگرتنی داواکاری ئەو کوردانە دەستیپێکرد کە ئارەزووی بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی سووری دەکەن.

عەزیز محێمەد، بەڕێوەبەری کاروباری شارستانی لە پارێزگای حەسەکە بە ئاژانسی هەواڵی سوریا “سانا”ی ڕاگەیاندووە؛ چەندین ناوەند بۆ پێشوازیکردن لە داواکاری هاوڵاتییانی کورد بۆ بوون بە خاوەنی ڕەگەزنامەی سووری لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکە کراونەتەوە،

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کوردانەی ڕەگەزنامەیان پێدەدرێت, پێویستە ناسنامەیەکیان پێبێت کە بیسەلمێنێت هاوڵاتیی سورین کە وێنەیەکی کەسی لەسەر بێت و مۆری موختاری ناوچەکەی پێوە بێت، لەگەڵ بەڵگەنامەی نیشتەجێبوون کە پاڵپشت کرابێت بە یەکێک لە بەڵگەنامە فەرمییەکان وەک (پسوڵەی ئاو، کارەبا، یان تەلەفۆن) یان بەڵگەنامەی قوتابخانە یان هەر بەڵگەیەکی دیکە کە ڕاستی زانیارییەکان بسەلمێنێت.

هەر ئەمڕۆش ناوەندەکانی تۆمارکردن, پێشوازییان لە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی کورد کردووە و، حکومەتی سوریا بڕیاریداوە لیژنەکان بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ بەردەوامبن لە وەرگرتنی داواکارییەکان و ماوەکەش قابیلی درێژکردنەوەیە.

ئەحمەد شەرع لە ١٨ی کانوونی دووەمی 2026, مەرسومێکی سەرۆکایەتی سەبارەت بە هاووڵاتیانی کوردی سووریا دەرکرد کە بە مەرسومی ژمارە 13 ناسراوە.

لە ماددەی چوارەمی مەرسومەکەدا هاتووە؛ ڕەگەزنامەی سووری دەبەخشرێتە هەموو ئەو هاووڵاتییە بە ڕەچەڵەک کوردانەی لەسەر خاکی سووریا نیشتەجێن، بەو کەسانەشەوە کە وەک (بێ ناسنامە) تۆمارکراون، لەگەڵ یەکسانکردنی تەواویان لە ماف و ئەرکەکاندا لەگەڵ تەواوی هاوڵاتییانی سوریا .

لە ساڵی 1970 کە بنەماڵەی ئەسەد هاتوونەتە سەر دەسەڵات لە سوریا, کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لە هەموو مافەکانیان بێبەشکران لەسەرو هەموشیانەوە مافی ڕەگەزنامە و وەک ئاوارە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close