
وردەکاریی ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە
حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە نەخشەی سیاسی و سەربازیی ڕۆژهەڵاتی فورات دادەڕێژێتەوە. ڕێککەوتنەکە خۆی لە ئاگربەستی دەستبەجێ، تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سووریا، ڕادەستکردنەوەی کێڵگە نەوتییەکان خۆی دەبینێتەوە.
وردەکاریی 12 خاڵە سەرەکییەکەی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات
یەکەم: دۆسیەی سەربازی و ئەمنی
ئاگربەستی گشتگیر: ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ و هەمەلایەنە لە سەرجەم بەرەکانی شەڕ و خاڵەکانی بەریەککەوتنی نێوان هێزەکانی سوپا و هەسەدە.
تێکەڵکردنی هێزەکان: گواستنەوەی سەرجەم هێزەکانی “هەسەدە” بۆ سەر پەیکەری وەزارەتی بەرگریی سووریا. پڕۆسەکە بە شێوەی “تاکەکەسی” و دوای ئەنجامدانی وردبینیی ئەمنی بۆ هەر چەکدارێک جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ گەرەنتیکردنی پاراستنی تایبەتمەندێتیی ناوچە کوردییەکان.
دۆسیەی کۆبانی: نەهێشتنی چەکی قورس لە شاری کۆبانی و پێکهێنانی هێزێکی ئەمنیی خۆجێیی بۆ شارەکە کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بێت.
دەرکردنی پەکەکە: هێزەکانی سووریای دیموکرات پابەند دەبن بە دەرکردنی سەرجەم چەکدار و ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بۆ دەرەوەی سنوورەکانی سووریا.
شەڕی داعش: دەوڵەتی سووریا پابەند دەبێت بە بەردەوامبوون لە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش.
دووەم: دۆسیەی کارگێڕی و حوکمڕانی
ڕادەستکردنەوەی ناوچەکان: ڕادەستکردنەوەی تەواوەتیی هەردوو پارێزگای دێرەزوور و ڕەققە بە حکوومەتی سووریا (چ لە ڕووی کارگێڕی و چ لە ڕووی سەربازییەوە) بە شێوەیەکی دەستبەجێ.
دامەزراوەکانی حەسەکە: تێکەڵکردنەوەی سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە لە چوارچێوەی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سووریادا.
دانانی پارێزگار: دەرکردنی مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بۆ دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ پارێزگای حەسەکە.
دامەزراندن: پەسەندکردنی لیستێکی ناوی پاڵێوراوانی “هەسەدە” بۆ ئەوەی لە پۆست و پلە جیاوازەکانی دەوڵەتی سووریادا دامەزرێن.




