
روانگەی ئیكۆ عێراق:
عێراق لە (8) مانگدا نزیكەی (965) ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە
باسک نێت
روانگەی ئیکۆ عێراق دەڵێت: بەرهەمی نەوت لە عێراق لە ماوەی هەشت مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا گەیشتووەتە نزیکەی (964.9) ملیۆن بەرمیل، لە کاتێکدا داهاتی هەناردەکردنی نەوت نزیکەی (73) ترلیۆن دیناری عێراقی بووە، کە نزیکەی (90%)ی کۆی داهاتەكانی دەوڵەت پێكدەهێنێت.
روانگەکە لە راپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە: بەرهەمهێنانی نەوت لەماوەی هەشت مانگی یەکەمدا گەیشتووەتە نزیکەی (964.9) ملیۆن بەرمیل، کە زۆرینەی لە پارێزگای بەسرە بووە، لەکاتێکدا عێراق نزیکەی (816.18) ملیۆن بەرمیل لە هەمان ماوەدا هەناردەکردووە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: مانگی ئاب بەرزترین مانگی بەرهەمهێنانی بەخۆیەوە بینیوە کە (124.47)ملیۆن بەرمیل بووە، هەروەها بەرزترین مانگی هەناردەکردن بووە کە (104.81) ملیۆن بەرمیلی هەناردەكراوە.
راشیگەیاندووە: داهاتی هەناردەکردن (73,821,820,815,850) دیناری عێراقی بووە کە نزیکەی (90%)ی داهاتی دەوڵەت پێکدەهێنێت.




