
سبەی مووچە لە ڕێگەی هەژماری من دابەش دەکرێت
باسک نێت
تیمی پرۆژەی هەژماری من لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سبەی دووشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، مووچەی مانگی هەشت (ئاب) بە شێوەی دیجیتاڵی، لە ڕێگەی هەژماری منەوە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
تیمی پرۆژەکە ڕایگەیاند: 465 هەزار و 600 مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری منەوە، مووچەی مانگی هەشت (ئاب) وەردەگرن، هەروەها بۆ مانگی داهاتوو ژمارەکە بۆ 501 هەزار و 500 مووچەخۆر بەرز دەبێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تیمی پرۆژەکە، تا ئێستا زیاتر لە 950 هەزار مووچەخۆر خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە، هەروەها زیاتر لە 610 هەزار کارتی بانکیش بەسەر مووچەخۆرانی تۆمار لە پرۆژەکە دابەش کراوە.
تیمی پرۆژەکە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، زیاتر لە 580 ئامێری پارە ڕاکێشان (ATM) لە زیاتر لە 200 شوێنی جیاواز لە سەرانسەری کوردستان دانراون.




