
وەزارەتی نەوتی عێراق:
ناوزڕاندنی دامەزراوەكان بە قاچاغچێتی زیان بە ناوبانگی دەوڵەتی عێراق دەگەیەنێت
باسک نێت
وەزارەتی نەوتی عێراق، لە رونکردنەوەیەكدا سەبارەت بە راپۆرتێكی “قاچاغچێتی نەوتی رەش” كە لە رۆژنامەی (الصباح الجدید) بڵاوكراوەتەوە دەڵێت: لە کاتێکدا وەزارەتی نەوت پابەندبونی تەواوی خۆی بە شەفافیەتی پیشەیی و هاوکاری لەگەڵ دەزگاکانی چاودێری و دادوەری دووپاتدەکاتەوە، سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت لە بڵاوبونەوەی زانیاری نادروست و چەواشەکارانە سەبارەت بە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی رەش، لەمبارەیەوە وەزارەت ئەمانەی خوارەوە روون دەکاتەوە:
– 1 سەرجەم کارەکانی بە بازاڕکردن و هەناردەکردنی نەوتی رەش پابەندە بە سیستمێکی رێکخراوی ورد و گشتگیر، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت، بەپێی گرێبەستە فەرمییە راگەیەندراوەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵاترین دەسەڵاتی چاودێری لە وڵات، لە دیوانی چاودێری دارایی، دەستەی دەستپاکی، دەستەی گشتی گومرگ، دەزگا ئەنیەكان بەڕێوەدەچن.
– 2 باسکردنی “نەوتهەڵگری نەناسراو” یان تۆڕی قاچاغ، بوختانێکی مەترسیدار و چەواشەکارانەیە، ئەم نەوتهەڵگرانە بە نەوتهەڵگری نەناسراو لەلایەن وەزارەتەکەمان وەسف کراون و لەوانەیە هی کارگە یان وەزارەتەکانی تر بن، بەندەرەکانی عێراق لە چوارچێوەی سیستەمێکی چاودێری تونددا کاردەکەن، کە رێگە بە تێپەڕبوونی هیچ بارێک نادات بەبێ رەزامەندی فەرمی و بەڵگەدار لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە.
– 3 كێشكردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە بانگەشەكانی قاچاغچێتی بەبێ هیچ بەڵگەیەک، ناوزڕاندنێكی ئاشكرای قبوڵنەکراو و مەترسیدارە، زیانی راستەوخۆ بە ناوبانگی دەوڵەتی عێراق و دامەزراوە سەروەرەکانی دەگەیەنێت، ئاسایشی ئابوری نیشتمانی دەخاتە بەردەم هەڕەشەی جدی.
– 4 وەزارەتی نەوت دووپاتی دەکاتەوە درێغی ناكات لە پاراستنی ناوبانگ و پێگەی یاسایی خۆی، رێکاری یاسایی توند بەرامبەر ئەو کەس و قەوارانە دەگرێتەبەر، کە پەرە بەو تۆمەتە درۆیانە دەدەن.
– 5 وەزارەت وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندبونی خۆی بە شەفافیەت و لێپرسینەوە، پێشوازی لە هەر زانیارییەکی بەڵگەدارو هاوپێچكراو بە بەڵگە دەکات، لە هەر سەرچاوەیەکەوە بێت.




