
هێزێک لەباشوری عێراقەوە هاتوونەتە کەرکوک بۆ دەستگیرکردنی ژنێکی مەترسیدار
باسک نێت – کەرکوک
چەند هێزێکی تایبەت لەباشوری عێراقەوە دێنە کەرکوک و لەناوچەیەکی هاوسنور لەگەڵ پارێزگای سلێمانی، ژنێک دەستگیر دەکەن کە بە “تۆمەتبارێکی مەترسیدار” ناودەبرێت.
کێ ئۆپراسیۆنەکەی ئەنجامداوە؟
– ئۆپراسیۆنەکە بە سەرپەرشتی فەرماندەی پۆلیسی بابل ئەنجامدراوە، تێیدا تیمێکی هاوبەشی نەهێشتنی تاوان و ئاژانسی هەواڵگری و بەشی تەکنیک و زانیاری پارێزگاکە بەشدار بونە، بەشی کاروباری بازگەکانی کەرکوک لەبازگەی چیمەن دەستگیریان کردووە.
تۆمەتبارەکە چی کردووە؟
– ئۆپراسیۆنەکە لەدژی تۆمەتبارێک بوە کە ( ژنە ) دووای سکاڵایەکی زۆر ئەنجامدراوە، تۆمەتبار بوە بە “دزی و خەڵەتاندن و فریودان” بەڵگەنامەو ژمارەی مۆبایل و نازناوی ساختەی بەکارهێناوە بۆ فریودانی قوربانییەکان، خۆی وەها نیشانداوە کە خانوو دابین دەکات بەڵام دوواتر دەیانکاتە بۆسەوەو دزیان لێدەکات.
چۆن شوێنی خۆحەشاردانەکەی ئاشکرا بوە؟
– بەدوواداچونی ورد بۆ دۆزینەوەی شوێنی نیشتەجێبونەکەی کراوە، دەرکەوتووە لەناوچەیەکی دەوروبەری کەرکوک کە هاوسنوری پارێزگای سلێمانییە خۆی حەشارداوە.
هێزەکە تۆمەتبارەکەیان بۆ کوێ بردووە؟
– هێزە ئەمنییەکە لەبابلەوە هاتوونەتە کەرکوک و هەڵیانکوتاوەتە سەر ژنە تۆمەتبارەکەو دەستکیریان کردووە و گەڕاندوویانەتەوە بۆ بابل تاوەکو بدرێتە دادگا.
پۆلیسی کەرکوک چی دەڵێت؟
– سەرچاوەیەک لەپۆلیسی کەرکوک دەڵێت: راگەیەندراوەکەی پۆلیسی بابل باسی رۆڵی پۆلیسی کەرکوکی نەکردووە لەکاتێکدا بەشی کاروباری بازگەکان لەبازگەی چیمەن دەستگیریان کردووە کاتێک هەوڵی هەڵاتنیدا بۆ سلێمانی.




