نوسەران

سنورێك بۆ چەكهەڵگرتن دابنێن تكایە

سنورێك بۆ چەكهەڵگرتن دابنێن تكایە

چەك و چەكهەڵگرتن درێژكراوەی كەلتوری سەربازیی بەعسە لە هەرێمدا و پاشان شۆڕش و بەرپەرچدانەوەی كورد لە پێناو مافەكانی كە دیارە چەك بۆ ستەمكار ژەهرە و. بۆ ستەملێكراو ڕەوا.

پاش ئازادیی ئەم دیاردە دەرهاویشتەی ئەو فرەحیزبیی و كەشە سەربازییە ناشرینەیە كە ماوەتەوە و قۆناغ هێشتا تێنەپەڕیوە بۆ كۆمەڵگەیەكی مەدەنیی و بوونی ئەو ململانێ حیزبییەیە كە هەر لایەنێك بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خاوەنی سوپا و چەكدارە.

لە پاڵ ئەمانەشدا حكومەت نەیتوانیوە بە پێی یاسا بەربگرێت لەم دیاردە و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگەش هەڵنەساون بە دانانی سنوورێك بۆ چەكهەڵگرتن و لانی كەمیش بە رێكخستن و كردنی هێزەكان بە سوپایەكی یەكگرتووی نیشتیمانی.

لە ئێستادا هەرێم و تەواوی ناوچە و شارەكانی گیرۆدەی دەستی ئەم دیاردەن و هەر گەنج و مێردمناڵێك دەبینیت بەهۆی ئەوەی لە بەرەی سوپا و هێزێكی دیاریكراو ناوی نوسراوە و دامەزراوە چەكێكی پێیە و رۆژ و شەو بە نێو شەقام و كۆڵان و بازاڕدا دەسورێتەوە و بەمەش وادەكات حیزب و هێزەكەی تریش هەمان كار بكەن بۆ خۆدەرخستن و پاڵەوانسازیی.

كێشە ئەوەیە هەر بە تەنیا گەورەكان چەكیان پێ نییە جاران وابوو تەنانەت سەردەمی بەعسیش بەڵام ئێستا مناڵەوردكە چەكیان زیاتر پێیە تا گەورەكان لانی كەم گەورەكان بە پێی تەمەن و ئەزموون و رێز دەزانن چۆن هەم هەڵیبگرن و هەمیش بەكاری بێنن بەڵام گەنج و مناڵ توانای سەبر و ئابڕووی نییە و لە ساتێكی توڕەیی و لەناكاودا بەكاری دەهینێت و كارەسات دروست دەكات.

من ناڵێم لە شەووڕۆژێكدا ئەم دیاردە بنەبڕ بكرێت وە ناشڵێم چەك هەر نەمێنێت چونكە ئەوە خەیاڵە بەتایبەت لە كۆمەڵگەیەكی حیزبیی و وڵاتێكی پڕ ئاریشەدا جگە لە بابەتە عەشایەرییەكە كە هەر ماڵ و عاشرەت و تاكێك خاوەنی جۆرە چەكێكە كە بیانوشیان هەیە بۆ بوونی چەكەكەیان بەڵام دەڵێم بە پێی یاسا چەكهەڵگرتن سنوردار بكرێت و هەر كەسێك ناسنامەی چەكی نەبوو نەتوانێت هەڵی بگرێت.

بۆ سوپاییی و پێشمەرگە و لیپرسراوان تا ئاستێك پێدەچێت ئاسایی بێت ئەویش لەكاتی ئەركدا نەك لەناو شەقام و ناو شارەكان و بازاڕ و كافێكان هەرچەندە دەبینین هەر لێپرسراوێك چەندین پاسەوانی چەكبەدەستی لەگەڵدایە و تەنانەت پرسەكانیش بێ نیاز ناكەن لە دیاردەی چەكەكانیان.

بەداخەوە ئەم دیاردە كە لە حاڵەت دەرچووە و دەمێكە هاوار دەكرێت هەر ساتە و سەعاتە ماڵی مناڵدارێك وێران دەكات و هەر بەیانییەك هەڵدەستین هەواڵی كوشتنێك بە گوێماندا دەدرێت.

مەسەلەكانی ئەنتەرنێت و سۆشیالمیدیا و فیلمەكانیش هێندەی تر گەنجەكان هان دەدەن بۆ بەكاربردنی چەك و توندوتیژیی و لە دنیای مەجازییەوە دەیگوازنەوە بۆ زەمینی حەقیقی نازانن كە دەرئەنجامی هێندە سەختە بە دەیان ساڵ كوشتنێك ئاسەوارەكەی سارێژ نابێت و دەبێتە مایەی فیتنە و وەك پەتی كۆلارە داوای خوێنڕشتن دەكات.

لە ئێستادا لە هەموو دونیا هێندەی هەرێم چەكبازیی و چەكوازیی تێدا نییە بەم جۆرەی هەر كەسێك بیەوێت بە نرخی چوار كیلۆ گۆشت بیكڕێت و پاشان بەو بێ ئەزموونیی و هەڵەشەییە بەكاری بهینێت.

لێرەوە داوای بە پەلە لە وەزارەتی ناوخۆ دەكەم بە پێی یاسا و بە ڕینمایی چەكهەڵگرتن سنوردار بكات و بەربگرێت لە بازاڕی هەرزانی چەك و تەقەمەنیی و جگە لەوانەی لە ئەركدان بازاڕ و شەقام و ناوشار قەدەغەی چەكی تێدا جیبەجێ بكرێت و هەر چەكێكیش مۆڵەتی نەبوو دەستی بەسەردا بگیرێت و لە پاڵ ئەمەشدا سەرپێچیكار یان زیندانیی یان غەرامەی بكرێت بە شێوەیەك جارێكی تر توخنی چەكهەڵگرتن نەكەوێتەوە.

بەمەش دەبینە خاوەنی كۆمەڵگەیەكی مەدەنیی و ساغ و سەلامەت و دوور لە ئاژاوە و جەردەیی و عەسسابات خەلك بە ئارامیی دەژین.

ماڵی شیعریشم ئاوا كرد كە هەر لە مناڵییەوە گۆشكراین بە چەكهەڵگرتن هەرچەندە زەبری دەسەڵات و كەلتورەكە بوو ئەوەتا بیرتان بێت لە خویندنەوەی كوردیدا لە سەرەتایی سەردەمی بەعس مامۆستاكانمان. دەیانوت ئادەی بە یەكدەنگ بیڵێنەوە;
بابە برام چەكهەڵگرن
هەموو بۆ خەبات ڕاپەڕن

جا بیریشتان بێت وینەی لاپەڕەی ئەو هۆنراوەش سێ مناڵی لەسەر نەخشێنرابوو كە هەر یەكەیان سەرو چەكیان پێبوو و بە پێكەنین و هاوارەوە بەرزیان كردبوویەوە.

ئاری عەبدولەتیف
٢٠٢٥/٨/٥

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close