
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق:
هیچ مەترسیەك لەسەر موچە نییە
“دۆخەكە لەژێر كۆنتڕۆڵدایە ”
باسک نێت
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دڵنیایی دەدات لەبارەی پرسی موچەو دەڵێت: دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.
حسێن موئنس، ئەندامی لیژنی دارایی بە رۆژنامەی (الصباح) راگەیاندووە: حکومەت چەند بژاردەیەکی لە بەردەمدایەو توانای تێپەڕاندنی هەر قەیرانێکی ئێستای هەیەو، دۆخەکە جێگەی نیگەرانی نییە، پرسی موچەش هیچ كێشەیەك بەخۆوە نابینێت.
سەبارەت بە بودجەش جەختی لەوە کردەوە، دواکەوتنی حکومەت لە پێشکەشکردنی خشتەکان، نیشاندەرێکی نەرێنییە کە رەنگدانەوەی وەڵامێکی لاوازە بۆ گۆڕانکارییە ئابورییە جیهانیەکان، بەتایبەتی دابەزینی نرخی نەوت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتنەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت بە (70) دۆلار لە چوارچێوەی بودجەدا كارێكی نا دروستە، دەبێت بە پشتبەستن بە بۆچوونی پسپۆڕان دەستکاری بکرێت.
رونیشیکردەوە، کورتهێنانی بودجەی ئێستا گەیشتووەتە (63) ترلیۆن دینار، ئەوەش ژمارەیەكی گەورەیەو پێویستە پەرلەمان کاری جدی بكات بۆ کەمکردنەوەی.




