
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز:
بەغداد ئامادە نیە (16) دۆلار تێچوی دەرهێنان بۆ كۆی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم بدات
باسک نێت
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە راپۆرتێكدا دەڵێت:” دانوستانەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانی عێراق بەبێ رێککەوتن کۆتایهات سەرەڕای فشارەكانی ئەمریکا” .
ئاژانسەكە لە زاری دوو سەرچاوەی فەرمی ئاگادارەوە راگەیاندووە، دانوستانەکان سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی عێراق بۆ تورکیا، کە ماوەی دوو ساڵە راگیراوە، بۆ جاری دووەم لە ماوەی هەفتەیەکدا شکستی هێنا.
بەردەوامی ناكۆییەكانی دوو ساڵەی نێوان هەرێم و بەعداد بووەتە هۆی وەستاندنی رۆیشتنی نەوت لە کوردستانی عێراقەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركی لەسەر دەریای ناوەڕاست.
چوار سەرچاوە بە ئاژانسەكەیان راگەیاندووە، بەرپرسێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، بۆ یەکەمجار بەشداری گفتوگۆکانی کردووە، کە لە بارەگای وەزارەتی نەوتی عێراق بەڕێوەچووە.
واشنتۆن فشار دەخاتە سەر عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، مانگی رابردوو رۆیتەرز بڵاویكردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، داوای لە عێراق کردووە رێگە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بدات، یان روبەڕوی سزا دەبێتەوە.
هەڵوێستی ئیدارەی ئەمریکا رەنگدانەوەی هەڵمەتی سیاسەتی “زۆرترین فشار”ە، لەسەر ئێران، کە هەوڵەکانی بۆ كەمكردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی تاران لەخۆدەگرێت.
یەکێک لە دوو سەرچاوە فەرمییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، خاڵی سەرەکی ناكۆكییەكان لە کۆبونەوەکەی پێنج شەممەدا، لەسەر دانانی نرخ بووە، گفتوگۆکانی رۆژی یەک شەممەش بەبێ پێشکەوتن کۆتایی هاتبوو.
یەك لە سەرچاوەكان وتی، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا، وەزارەتی نەوت پێداگری لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی (16) دۆلار كردووە بۆ هەر بەرمیلێک بۆ ئەو بڕە كە هەناردەکرێت و قەبارەكەی نزیکەی (185)هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، بەڵام ئەو نرخە بۆ سەرجەم بەرهەمی کوردستانی عێراق جێبەجێ ناکات، کۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوتیش بە توندی ئەمەیان ڕەتکردووەتەوە.
سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لەو بابەتە راگەیاندووە، بەغداد پێشتر بەڵێنی دابوو کە نرخەکە هەموو بەرهەمەکان دەگرێتەوە، بەڵام لە كۆبونەوەكەی یەک شەممە، لەگەڵ کۆمپانیا نەوتیەکان پاشەکشێی کردووە.
بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراق کە زانیاری راستەوخۆی لەسەر ئەو بابەتە هەیە، بە رۆیتەرزی وتووە، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە لەسەر داوای واشنتۆن بەشداری دانوستانەکانی ڕۆژی پێنجشەممەی کردووە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوشكردووە، ئامادەبونی ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە ئامانجی یارمەتیدان بووە بۆ بەرەوپێشبردنی دانوستانەکان و گەیشتن بە چارەسەر، بۆ ئەو پرسانەی کە رێگرن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، بە شێوەیەک کە هەموو لایەنەکان رازی بکات.
هاوكات بەرپرسێکی حکومەتی نزیک لە دانوستانەکان رایگەیاندووە: پێداگرییەکی بەهێز لەلایەن ئەمریکاوە هەیە بۆ سەرخستنی دانوستانەکان بە هەر شێوەیەک بێت.
واشنتۆن دەیەوێت نەوت لە رێگەی تورکیاوە دەست پێبکاتەوە بۆ زیادكردنی خستنەڕووی جیهانی و، یارمەتی دابەزاندنی نرخەکەی بدات.
لە هەمان کاتدا ئیدارەی ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندییە داراییەکانی نێوان عێراق و ئێرانی دراوسێ بوەستێنێت، لەکاتێکدا كە فشار دەخاتە سەر تاران لەبارەی هەناردەکردنی نەوت و بەرنامە ئەتۆمیەکەی.
عێراق هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکا و ئێرانە و، زۆر گرنگە بۆ یارمەتیدانی ئێران لە پاڵپشتییكردنی ئابورییەکەی لە سایەی سزا نێودەوڵەتییەکان.
سەرچاوەکان بە رۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، بەغداد بەوریاییەوە مامەڵە دەكات بۆ ئەوەی نەكەوتنە ناو بۆسەی سیاسەتی سەرۆکی ئەمریکا لە فشاركردن لەسەر تاران.




