
بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت،نرخی عومرە لەهەرێمی کوردستان بەهۆی مانگی ڕەمەزانەوە بۆ نزیکەی دوو هێندە بەرزبۆوە.
باسک نێت
ئەمرۆ یەك شەممە 23_ی شوبات_ی 2025 کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندووە، بەهۆی هاتنی مانگی ڕەمەزان نرخی عومرە گۆڕانکاری بەسەردادێت و لە مانگی رەمەزاندا لە هەموو جیهانەوە خەڵک بۆ عومرە دەچنە سعودیە، بۆیە هەموو نرخێک لەو وڵاتە بەرزدەبێتەوە، لە هەرێمی کورستانیش خواستی زۆر لەسەر عومرە لە رەمەزاندا هەیە، ئەوەش هۆکارێکی بەرزبوونەوەی نرخە.
باسی لەوەش كردووە، هەرکەسێک هەستی کرد کۆمپانیایەک مافی خواردووە، ئاگاداریان بکاتەوە بۆ ئەوەی مافەکەی بۆ وەرگرنەوە، و هەر لە پەیجەکەیانەوە ئاگاداریان بکاتەوە، بەدڵنیاییەوە بەدواداچوون بۆ داواکەی دەکرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەش كردوە، دوای ڕەمەزان نرخەکان دادەبەزن و وەک پێشتریان لێدێتەوە، بۆیە هەرکەسێک گەر نەخۆشە دەتوانن دوای مانگی رەمەزان گەشتی عومرە بکەن، چونکە ئەو کاتە نرخەکەی ئاسایی دەبێتەوە و دادەبەزێت و قەرەباڵغیش نابێت.
ئەوەش لە كاتێكدایە مانگی ڕابردوو نرخی گەشتی عومرە لە هەرێم بەشێوەی ئاسمانی 850 دۆلاربوو و بە ڕێگای وشکانیش 400 دۆلاربووە بۆ 10 ڕۆژ، بەڵام ئێستا نرخی گەشتی عومرە بە ڕێگای ئاسمانی بۆتە 1600 دۆلار و بەڕێگەی وشکانی بۆتە 900 دۆلار، ئەم نرخانە بۆ گەشتی عومرەی 10ڕۆژی کۆتایی مانگی ڕەمەزانە.




