
ترەمپ رەزامەندی پیشانداوە لەسەر پلانی ئاگربەست لە لوبنان
باسک نێت
رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ی ئەمریكی، لەزاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویكردووەتەوە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، رەزامەندی لەسەر پلانی چارەسەر لە لوبنان پیشانداوە.
رۆژنامەكە ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، ترەمپ هیوای خواستووە رێككەوتنی چارەسەر لە لوبنان، پێش دەستبەكاربونی لە پۆستی سەرۆكی ئەمریكا جێبەجێبكرێت.
هێڵە پانەكانی پێشنیازی چارەسەر لە لوبنان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، حزبوڵا هێزو چەكەكانی بگوازێتەوە بۆ باكوری روباری (لیتانی) و سوپای لوبنان و هێزەكانی “بۆنیفیل”یش، كاربكەن بۆ رێگەگرتن لە گەڕانەوەی حزبوڵا بۆ باشوری لوبنان.
بەگوێرەی رۆژنامەی ئەمریكیەكە، خاڵی سەرەكی ناكۆكییەكان ئەوەیە، ئیسرائیل دەسەڵاتی هەبێت رێككەوتنی ئاگربەست بسەپێنێت، ئەگەر نەتەوە یەكگرتووەكان و سوپای لوبنان نەیانتوانی ئەو كارەبكەن.
ئەم پێشهاتە لەكاتێكدایە، ئاژانسی هەواڵی “رۆیتەرز” بڵاویكرەوە: لیزا جۆنسون، باڵیۆزی ئەمریكا لە لوبنان، دوێنێ پێنج شەممە، رەشنوسی پێشنیازێكی ئاگربەستی رادەستی نەبیه بری، سەرۆكی پەرلەمانی لوبنان كردووە، بۆ راگرتنی جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و حزبوڵا، بەبێ ئەوەی وردەكارییەكەی ئاشكرابكرێت.


