ڕاپۆرت

جیاوازی لەنێوان شەهیدانی بزووتنەوە و لایەنەکانیتردا دەکرێت خانەوادەی شەهیدەکانی ئێمە لەکۆمەڵێک ئیمتیاز و ئۆفەری حکومەتی هەرێم بێبەش کراون

تایبەت بە (باسک نێت)
ڕاپۆرتی محەمەد ئاراس

دوای ئەوەی بزوتنەوەی ئسلامی ڕۆژی ١٢/٢٧ وەک ڕۆژی شەهیدانی بزوتنەوە دیاری کرد مەکتەبی ڕاگەیاندن بە هاوکاری مەڵبەندو ئۆرگانەکانی بزوتنەوە هەفتەی شەهیدانی بزوتنەوەیان ڕاگەیاند، وابڕیارە لەم هەفتەیەدا لەسەرجەم ناوچە و دەڤەرە جیاوازەکان کۆمەڵێک ئیڤێنت و چالاکی جیاواز و هەمەچەشن بۆ بەرز ڕاگرتنی رۆژی شەهیدانی بزوتنەوە ئیسلامی بەڕێووە بچێت، پایتەختی کوردستان وەک سەرەتاو دەسپێک دیاری کرا.
بڕیارە ڕۆژی سێ شەمە ١٢/٢٦لەسنوری مەڵبەندی (٣) هەولێری بزووتنەوەی ئیسلامی کەرنەڤاڵێکی جەماوەری لەژێر دروشمی :
(شەهیدان نوری چاو وزەی بەردەوامی گیانمانن)
بەڕێوە بچێت.


بەڕێز محەمەد خۆشناو” بەرپرسی مەڵبەندی سێی هەولێری بزووتنەوە تایبەت بە باسک نێت ڕایگەیاند:
وەک مەڵبەندی هەولێری بزووتنەوە ئامادەکاری تەواومان کردوە لەساڵ ڕۆژی شەهید کردنی مامۆستا (محمد کونە فلوسە)و هاوڕێکانی کە لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە لە ١٢/٢٦/ ١٩٩٠ لەنێو شاری هەولێر شەهید کران، میهرە جانێکی جەماوەری شایستە بە خوێنی شەهیدەکانمان لەهۆڵی ڕۆشنبیری لەشاری هەولێر ساز بکەین.
بەرپرسی مەڵبەندی هەولێر بۆ باسک نێت زیاتر ڕونکردنەوەیدا ووتی:
بۆ ئەو مەراسیمە تەواوی بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدانی سنوری مەڵبەندی (٣) بزوتنەوەمان بانگهێشت کردوە و خەڵاتی وەفا و زێڕینی بزووتنەوە دەبەخشینە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان.


لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر وتیشی:
تائێستا نەمان توانیوە وەک پێویست خزمەت بە بنەماڵەو خانەوادەی سەربڵندی شەهیدان بکەین و ئەمەش هۆکاری خۆی هەبووە، ئەوان گلەیی و گازندەیان هەیە و نیگەرانن، ئێمەش لێیان تێدەگەین، دڵنیام ئەوانیش تێدەگەن، گلەییەکانیان لەسەر چاومان دادەنێین و نیگەرانیەکانیان بەهەند وەردەگرین و بەڵێنیان پێدەدەین ئەوەی لەتوانای ئێمەدا بێت درێخی نەکەین و خزمەتی بنەماڵەی شەهیدان بخەینە ئەولەویەت و لەپێشینەی کارەکانمان.

لەوەڵامی پرسیارێکی باسک نێتدا، کە بۆ لەمەودوا چۆن خزمەت بەبنەماڵەی شەهیدان دەکەن و چی دەکەن بۆ دڵدانەوەی خانەوادەی شەهیدان و پلان و بەرنامەی ئایندەی بزووتنەوە چییە تابتوانن خزمەتی زیاتر بکەن؟
بەڕێز خۆشناو ووتی:
دوای کۆنگرەی دوانزە ڕابەری گشتی و شورای ناوەندی و مەکتەبی سیاسی بزووتنەوە بڕیاریان داوە هەموو هەوڵ و تواناکان چڕبکەنەوە لەخزمەتکردنی نەوە و خانەوادە و بنەماڵە و کەسوکاری سەر بڵندی شەهیدان و ڕابەریگشتیش تەواوی تواناکانی خۆی خستۆتەگەڕ بە ئاراستەی خزمەتی زیاتری بنەماڵەی شەهیدان و مووژدەو و هەواڵی دڵخۆشکەریش بەڕێوەیە.

  • ئایا حوکومەتی هەرێمی کوردستان وەک پێویست خزمەتی بەشەهیدانی بزوتنەوەی ئیسلامی کردوە لەڕووی بڕینەوەی موچەی شایستە و پێدانی زەوی و دابین کردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆیان؟
  • بەداخەوە حوکومەتی هەرێم وەک پێویست خزمەتی بەشەهیدانی بزووتنەوەی ئیسلامی نەکردوە.
    ئەوەی بۆ شەهیدانی لایەناکانی تر کراوە بۆ ئێمە نەکراوە، بەڵام دەسەوەسان نابین و هەروا بێدەنگ نابین و هەموو تواناکانمان وەگەڕ دەخەین بۆ وەرگرتنەوەی ماف و ئیمتیاز حەق و مافی شەهیدان و کەمئەندامانی سەنگەر.
لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close