
باسک نێت
کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ڕۆژی شەممە، 2ی 3ی 2025 لە دیداری لەگەڵ ڤلادمێر زێلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە لەندەن، پشتیوانیی تەواوی بەریتانیای بۆ ئۆکراینا دووپات کردەوە.
ڕۆژنامەی (The Sun)ی بەریتانی ئاشکرای کردووە، ستارمەر بە باوەشێکی گەرمەوە پێشوازیی لە زێلێنسکی کردووە و دڵنیایی داوە لە هاوسۆزیی بەریتانیا لەگەڵ ئۆکراینا، ئەمەش لە کاتێکدایە ژمارەیەک بەریتانی لە دەرەوەی شەقامی داونینگ بۆ سڵاوکردن لە زێلێنسکی كۆ بوونەتەوە.
ستارمەر لە لێدوانێکیدا بۆ سەرۆکی ئۆکراینا گوتی: “ئێوە پاڵپشتیی تەواوی شانشینی یەکگرتووتان هەیە، هیوادارم لە دەرەوە هاوارەکانتان بیستبێت، خەڵکی بەریتانیا هاتنە دەرەوە بۆ ئەوەی نیشانتان بدەن کە چەندە پشتگیریی ئێوە و ئۆکراینا دەکەن”.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ستارمەر هەوڵی دیپلۆماسیی چڕوپڕ دەدات بۆ چاککردنەوەی پەیوەندیی نێوان زێلێنسکی و ترەمپ، کە مەترسیی لەسەر ئاییندەی ناتۆ دروست دەکات.
سبەی ستارمەر میوانداریی لوتکەی زیاتر لە دەیان سەرکردەی ئەورووپا و ناتۆ و کەنەدا دەکات وەک هەوڵێک بۆ پشتیوانیی زیاتری ئۆکراینا.
ئەمە لە كاتێكدایە ڕۆژی هەینی، 28ی 1ی 2025 لە كۆشكی سپی، شەڕەقسە لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و زێلێنسكی دروست بوو و بەو هۆیەشەوە زێلێنسكی بەبێ بەڕێكردنی دیپلۆماسی، كۆشكی سپی بەجێ هێشت.