جیهانڕاپۆرتهەواڵ

سیستەمی هەڵبژاردن لە ئەمریكا چۆنە؟

سیستەمی هەڵبژاردن لە ئەمریكا چۆنە؟
باسک نێت
ئەمڕۆ دەنگدەرانی ئەمریكا روویان لە سندوقەكانی دەنگدان كرد بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆكی داهاتووی وڵاتەكەیان. بەوپێیەی ئەو كەسەی لەسەر كورسی كۆشكی سپی دادەنیشێت كاریگەریی گەورەی لەسەر ژیانی خەڵك هەیە لە ناوەوەو دەرەوەی ولایەتە یەكگرتووەكان، هەڵبژاردنی ئەمریكا بایەخێكی گەورەی هەیەو هەمووان چاوەڕوانی دەرەنجامەكانی دەكەن.

سیستەمی سیاسی لە ئەمریكا تەنیا دوو پارت هەژمونیان هەیە بەسەریدا، هەموو سەرۆكەكانی ئەمریكا لە چەرخی نوێدا سەربە یەكێك لەم دوو پارتەن.
• یەكەم: پارتی دیموكرات، كە پارتێكی سیاسی لیبراڵەو ئەجێندای ئەم پارتە بەرگیركردنە لە (مافە مەدەنییەكان)و (تۆڕی بیمەی كۆمەڵایەتیی)و (گرتنەبەری رێوشوێن بۆ چارەسەری گۆڕانكاری كەشوهەوا)؛ بۆ هەڵبژاردنی ئەمڕۆ (كامالا هاریس) كاندیدی ئەم پارتەیە، ئەم ژنە دوای كشانەوەی جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا لە تەموزی رابردوودا، بە فەرمی وەكو كاندیدی دیموكراتەكان دیاریكرا.

• پارتی كۆماریی: ئەمە پارتێكی سیاسی كۆنەپارێزە. بۆیە زۆرجار وەكو پارتە گەورە كۆنەكە ناودەبرێت، لە دیارترین ئەو باسانەی كە ئەم پارتە لە كۆنەوە بۆ ئێستا بانگەوازی بۆ دەكات بابەتەكانی (دابەزاندنی باج)و (بچوككردنەوەی قەبارەی حكومەت)و (مافی رێگەدان بە هەڵگرتنی چەك)و (توندكردنەوەی كۆتوبەندە لەسەر كۆچ و لەباربردنی منداڵ)؛ كاندیدی ئەم پارتە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمڕۆ بریتییە لە (دۆناڵد ترەمپ)ی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا.

هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لە ئەمریكا چۆن بەڕێوەدەچێت؟
كاندیدی هەردوو پارتەكە ركابەرێتیی دەكەن لەسەر بردنەوەی دەنگی دەنگدەران لە هەر ویلایەتێك، بەمەبەستی بردنەوەی “كۆمەڵگەی هەڵبژاردن” لەسەر ئاستی وڵات.
لە سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمریكادا هەر ویلایەتێك ژمارەیەكی دیاریكراو دەنگی “كۆمەڵگەی هەڵبژاردنی” هەیە، كە بەشێكی ئەم دەنگە پشت بە ژمارەی دانیشتوان لەو ویلایەتە دەبەستێت، تێكڕای دەنگی “كۆمەڵگەی هەڵبژاردن” لەسەر ئاستی ئەمریكا بریتییە لە (538) دەنگ، ئەو كەسەی كە دەبێت بە براوەی هەڵبژاردن دەبێت 270 دەنگ بەرەو سەر لە “كۆمەڵگەی هەڵبژاردن” بەدەستبهێنێت.

ئەمەش بەو واتایە دێت كە دەنگدەران لەسەر ئاستی ویلایەتەكانیان بڕیار لەسەر هەڵبژاردن دەدەن نەك لەسەر ئاستی هەڵبژاردنی نیشتمانی، لەبەر ئەم هۆیە دەكرێت كاندیدێك زۆرترین دەنگ لەسەر ئاستی نیشتمانی بەدەستبهێنێت، بەڵام زۆرینەی دەنگی “كۆمەڵگەی هەڵبژاردن” نەبات، لەم حاڵەشدا هەڵبژاردن دەدۆڕێنێت، هێلاری كلینتۆن ساڵی 2016 وای بەسەر هات و هەڵبژاردنەكەی دۆڕاند.

هەموو ویلایەتەكانی ئەمریكا -جگە لە دوو ویلایەتیان- بنەمایەكیان هەیە كە دەڵێ” ئەوەی بردییەوە هەمووی دەبات”، لەبەرئەوە هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگ ببات، هەموو دەنگەكانی ویلایەتەكە دەبات نەك تەنیا دەنگەكانی خۆی.

زۆرینەی ویلایەتەكانی ئەمریكا تاڕادەیەكی زۆر خۆیان بەلای ئەم یاخود ئەو پارتدا یەكلاكردوەتەوە، بۆیە هەریەكێك لە دوو پارتەكە سەرەنجیان لەسەر 12 ویلایەتە بۆئەوەی بردنەوەیان تێدا تۆمار بكەن، ئەم ویلایەتانە پێیاندەوترێت “ویلایەتە خۆڵەمێشییەكان” یاخود “گۆڕەپانی جەنگی ویلایەتەكان”.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close