جیهانڕاپۆرتهەواڵ

زانیاری نۆێ لەسەر چۆنیەتی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا

ڕۆژنامەیەکی فەرەنسی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی لوبنانییەوە بڵاوی کردووتەوە، سیخوڕێکی ئێرانی زانیاریی وردی لەسەر شوێنی حەسەن نەسروڵلای ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا داوەتە ئیسرائیل و ئەو زانیارییە وردانەش، بوونە هۆی کوژرانی نەسروڵلا.

باسک نێت

ڕۆژنامەی “لو پاریزیان”ـی فەرەنسی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە، سیخوڕێکی ئێرانی کە ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە، زانیاریی وردی لەسەر جووڵەی حەسەن نەسروڵلا هەبووە و کەمێک بەر لەوەی بگاتە باشووری بەیرووت، ئیسرائیلی ئاگادار کردووەتەوە کە لەگەڵ عەباس نیلفرۆشان فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران لەناو یەک ئۆتۆمبێلدان.

باسی لەوەشکردووە، ئیسرائیل چاوەڕوانی کردووە تا ئەو کاتەی کۆبوونەوەی نەسروڵلا لەگەڵ سەرکردەکانی حزبوڵلا دەستیپێکردووە، دواتر هێرشی کردووەتە سەر شوێنی کۆبوونەوەکە کە دەکەوێتە باشووری بەیرووت و لە هێرشەکەدا جگە لە حەسەن نەسروڵلا و عەباس نیلفرۆشان، 12 بەرپرسی دیکەی باڵای حزبوڵلاش کوژراون.

هەروەها ڕۆژنامەی “یەدیعۆت ئەحرونوت”ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، خەڵکانی دەوروبەری شوێنەکە باشترین سەرچاوەی زانیاریی بوون بۆ ئیسرائیل بەر لەوەی هێرشی کوشتنی نەسروڵلا جێبەجێ بکرێت.

بەرە بەیانی دوێنێ شەممە 28ی ئەیلوولی 2024، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە هێرشێکدا، ئێوارەی هەینی بۆ سەر باشووری لوبنان توانیویانە حەسەن نەسروڵلا بکوژن، دوای چەند کاتژمێرێک حزبوڵلای لوبنانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بە فەرمی کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبەکەی لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری لوبنان پشتڕاستکردەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close