
الشرق الاوسط:
زۆرینەی هێزە سیاسیە باڵادەستەكانی عێراق دەستيان هەیە لە قاچاغچێتی نەوتدا
باسک نێت
رۆژنامەی “الشرق الاوسط” لە راپۆرتێكدا دەڵێت، هێشتا شۆک و تووڕەیی باڵی کێشاوە بەسەر چین و توێژە جیاوازەكانی عێراقدا، دوای هەوڵەکانی ئەم دواییەی حکومەت بە ئاشکراکردنی پرۆسەیەكی بەرفراوانی دزین و بەقاچاغبردنی نەوت بەشێوەیەكی رێكخراو لە زۆرینەی ئەو پارێزگایانەی كە نەوت بەرهەم دەهێنن یان بۆری نەوت پێیاندا تێپەڕدەبێت.
لە کاتی تەقینەوەی دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، لە کۆتایی مانگی ئایاری رابردووەوە، دەسەڵاتدارانی عێراق نزیکەی 70 بەرپرسیان لە کەرتی نەوتدا دەستگیر کردووە.
دادوەر رەحیم عگەیلی، سەرۆکی پێشووی دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی، بە رۆژنامەكەی وتووە، دزین و بەقاچاغبردنی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ دوو دەیەی رابردوو، وتوشەيەتى، دەستەکەیان لە ساڵی 2013دا توانی یەکێک لە سیاسەتمەدارە دیارەکانی ئەو کاتە ئاشکرا بکات کە کاری قاچاغچێتیی دەکرد، لە ڕێگەی دروستکردنی هەڵهێنەرێکی گەورەی پەلەوەر لەسەر بۆرییەکی نەوت لە پارێزگای بابل بەڵام فشار و هەژموونی سیاسی رێگربوون لە لێپرسینەوە لێی یان رادەستکردنی دۆسیەکەی بە دادگا لەو کاتەدا.
بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی نەوت، بەرپرسیارێتیی ئەوەی روویداوە و روودەدات دەخاتە ئەستۆی زۆربەی هێزە سیاسییە دەستڕۆیشتووەکان لە دوو دەیەی رابردوو.
بەوتەی ئەو بەرپرسە، دۆسیەی بەقاچاغبردن هەموو پارێزگاکانی عێراق هەیە لە ئەوپەڕی باشورەوە تا ئەوپەڕی باکور، رەنگە ئەو پێشێلكارییانەی لە باکوری وڵات دەکرێنە سەر نەوت لەوانەی ناوەڕاست و باشور زیاتر بن، بەڵام لەوێ بێدەنگیی لێ کراوە.
پێشیوایە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە بۆ پرسی قاچاغچێتی نەوت كارێكی ئەستەمە، چونکە هەر ئەو گروپ و لایەنانەی کە دزییەکانیان ئەنجامداوە یان پارێزگارییان لە باندە تاوانکارییەکانی تێوەگلان کردووە، هێشتا کاریگەرییەکی بەرچاویان لەناو حکومەت و پەرلەماندا هەیەو کارەکانی ئێستایان تەنها هەوڵێکە بۆ دامرکاندنی توڕەیی گشتی.
ئامارە نیمچە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن عێراق زیاتر لە 150 ملیار دۆلاری لەدەستداوە بەهۆی دزی و زیانگەیاندن بە تۆڕی بۆرییەکانی نەوت لە ساڵی 2003ەوە- پرسێك كە ئاستی دزیكردن لە ماڵی گشتی و سامانی بنەڕەتیەكانی وڵات ئاشکرا دەکات.




