
نامۆیی سیاسی و سیمیۆلۆژیای تووڕەیی: بۆچی کەرکووک بێدەنگی کردین و حەلەب دەمانهەژێنێت؟
د.ئارام ئەحمەد ✍️باسک نێت
کاتێک لە مێژووی نزیکی سیاسیی باشووری کوردستان ورد دەبینەوە، تووشی شۆکێکی مەعریفی دەبین لە هەمبەر ئەو دژبەیەکییە گەورەیەی لە “کاردانەوەی جەماوەری”دا هەیە. پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەوە دەست پێ دەکات:
ئەو هێزە چییە کە شەقامی کوردی دەجووڵێنێت؟
ئەگەر خەمەکە “خاک و نەتەوە” بێت، پانتایی جوگرافیای لەدەستچووی باشوور لە شازدەی ئۆکتۆبەردا (کە ٥١٪ی خاکی هەرێم بوو)، زۆر گەورەتر و کاریگەرتر بوو لە گۆڕانکاریی چەند گەڕەکێکی حەلەب، بەڵام بۆچی لەو کاتەدا شەقام تووشی “ئیفلیجیی دەروونی” بوو و کەس نە پەلاماری مەقەڕی دا و نە هێرشی کردە سەر پیرۆزییە ئایینییەکان؟ لێرەدا دەبێت لەوە تێ بگەین کە جۆش و خرۆشی ئێستا، زیاتر لەوەی کاردانەوەیەکی “نەتەوەیی و ستراتیژی” بێت، کاردانەوەیەکی “ئایدیۆلۆژی _ شوناسییە”. لە ساڵی ٢٠١٧دا، ململانێکە وەک کێشەیەکی سیاسیی ناوخۆیی و هەرێمی لە قەڵەم درا، کە تێیدا “بەرژەوەندیی حیزبی” و “تەکتیکی نێودەوڵەتی” بێدەنگییان بەسەر شەقامدا سەپاند، بەڵام ئەوەی ئێستا لە ڕۆژئاوا دەگوزەرێت، لە میدیای باشووردا کراوەتە جەنگێکی “سیمبۆلیک” لە نێوان دوو جەمسەری دژ بەیەک: مۆدێلێکی سێکۆلار-ناسیۆنالیست لە بەرامبەر مۆدێلێکی ئیسلامی-.
ئەم گۆڕانکارییە لە “ئاڕاستەی تووڕەیی”دا ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەوەی کە ئەقڵی سیاسی لە باشووردا لە “نیشتمانچەقییەوە” بەرەو “ئایدیۆلۆژیاچەقی” گوازراوەتەوە. کاتێک حەشدی شەعبی — کە هێزێکی ئایدیۆلۆژیی ئایینییە و ڕاستەوخۆ بە مەرجەعییەتەوە گرێدراوە — نیوەی خاکی باشووری کۆنترۆڵ کرد، شەقامی کوردی و بژاردەی ڕۆشنبیریی ئێمە نەیانوێرا یان نەیانویست ململانێکە بکەنە جەنگێک دژی “ئیسلامی سیاسی” یان “مەرجەعییەت”، چونکە لەوێدا “بەرژەوەندیی واقیعی” و “ترسی سیاسی” باڵادەست بوو. بەڵام لە کێشەی سووریادا، چونکە مەترسییەکە لە دوورەوەیە و تێچووی سیاسیی بۆ سەر دەسەڵاتدارانی باشوور کەمترە، ڕێگە بە “خاڵیکردنەوەی گرێ دەروونییەکان” دەدرێت. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە جۆش و خرۆشی شەقام زۆرجار نەک لەسەر بنەمای “بایەخی خاک”، بەڵکو لەسەر بنەمای “دیاریکردنی دوژمنی وەهمی و ڕاستەقینە” لەلایەن میدیاوە دادەڕێژرێتەوە.
لە ڕاستیدا، پەککەوتنی کاردانەوە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و تەقینەوەی لە ڕووداوەکانی حەلەبدا، دەریدەخات کە ئێمە لەبەردەم جۆرێک لە “ناسیۆنالیزمی سۆشیال میدیایی”داین کە تەنها ئەو کاتە دەورژێت کە ململانێکە بکرێتە کێشەیەکی فیکری و ئایینی، نەک نەتەوەیی و خاکی. ئەمە مەترسییەکی گەورەیە؛ چونکە کاتێک نەتەوەیەک نەتوانێت لەسەر لەدەستدانی نیوەی نیشتمانەکەی خۆی تووڕە بێت، بەڵام لەسەر گۆڕانکاریی سیاسیی وڵاتێکی تر ئامادەی شکاندنی هەموو سنوورە فیکری و ئایینییەکان بێت، واتای وایە ئەو نەتەوەیە “ئیرادەی سیاسیی ناوخۆیی” لەدەست داوە و تەنها وەک ئامرازێکی پەرچەکردار (Reaction) مامەڵە دەکات. گەڕان بەدوای هۆکارەکەدا دەمانباتەوە سەر ئەو ڕاستییە تاڵەی کە: لە باشوور، “خاک” بووەتە قوربانیی “ململانێی ئایدیۆلۆژی”، و تووڕەییەکانیشمان نەک بۆ ڕزگارکردنی جوگرافیا، بەڵکو بۆ سەرکەوتنی گوتارێکی فیکرییە بەسەر گوتارێکی تردا، ئەگەرچی بە نرخی لەدەستدانی پێگەی نەتەوەیی خۆشمان بێت لە هاوکێشە هەرێمییەکاندا.




