
هەڵبژاردنی خەلک و هەڵبژاردنی سەفەقات
کاظم عثمان✍️باسک نێت
هەڵبژاردن لە ناوەڕۆکدا وەک گەورەترین و گرنگترین سیستەمی مەدەنی ، ئامراز و میکانیزمی دانانی ڕژێمێکی سیاسیەو لەڕێگەی خەڵکەوە، واتە خەڵک ڕژێمەکە دیاری دەکات کێ بێت و کێ ڕەت دەکاتەوە. هەرکاتێک ئەم ئامرازە واتە هەلبژاردن دەرکەوت یان گومانی کەوتەسەر کە هەژمون و بڕیاری خەڵک تیادا پاشەکشە دەکات ، ئەوا خودی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، و لە ئامرازێک بۆ گۆرانکارییەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ پارێزگاری کردن لە سیستەمی باوی خۆسەپێن.
لە هەرێمی کوردستانیش تائێستا 6 خولی هەڵبژاردن بەڕێوەچووە و لەعێراقیش واخەریکە شەشەم خول بەرێوە دەچێت، دەپرسین کەم خولی هەڵبژاردن گۆرانکاری دروست کردووە ، یان ئەنجامەکان رەنگدانەوەی دەنگی خەڵک بوبێت.
دوایین هەڵبژاردن ئەنجامدرا ، دەتوانین بڵێین هەموو ڕای گشتی تێگەیشت کە ئەمە هەلبژاردن نەبوو ، بەڵکوو نەخشە داڕشتنەوەیەکی نوێی سیاسی تر بوو بۆ مانەوەی هێزە باوەکان. ئەم جۆرە سیناریۆیانە بەناوی هەڵبژاردنەوە ، هێزە سیاسیەکان ، ئەوانەی بەخۆیان ئەڵێن هێزی دەرەوەی دەسەلات، پێویستە راسگۆبن لەگەل خەلکی خۆیان و هەرێمەکەش، کە رەواج بە وەها سەفەقاتێک نەدەن بەناوی هەڵبژاردنەوە، ئەگەر تەنیا هێزەکانی دەسەلات خۆیان بەشدار بن ، ئەوا بەفەرمی پرۆسەکە دەبێتە سەفەقات هەم وەک ناوەڕک هەمیش وەک ڕوالەت، بەڵام کاتێک هێزە سیسیەکانی تر تێیدا بەشداری ئەکەن ، ئەوا مانای ئەوەیە دەیانەوێت ڕواڵەتێکی دەرەکی بەناوی هەلبژاردنەوە بدەن بەسەر ئەو سەفەقاتەدا، مانای وایە ئەوان تەنیا ڕۆلی میکیاج کردنی ئەو پڕۆسە نامەدەنیە دەبینن. بۆیە ئەرکی ئەخلاقی هەر هێزێکە بایکۆتی ئەو سەفەقاتە بکات.
سەبارەت بەو خەڵکانەیش یان ئەو هێزانەیش ، کە دەڵێن ، بایکۆت کردن واتە دەنگ بەخشین بە دەسەلات ، ئەوە یان کێشەی تێنەگەیشتنیان هەیە لەوەی ئەوەی ئەو باسی دەکات سەفەقاتە و هەڵبژاردن نیە، یان ئاگادارە و ئەو قسەیە وەک ئەجێندا ئەکات. هەمان کەس یان هەمان هێزی سیاسی کە ئەو قسەیە دەکەن دوای هەلبژاردن ، تیر و چەکی میدیاکانیان دەخەنە ئیش بۆ دژایەتی کردنی پرۆسەکە ، ئەمە مانای وایە ، ئەمان دەچنە نێو پڕۆسەیەکەوە کە دەزانن ئەنجامەکەی چۆنە ، بەڵام هەر بەشداریش ئەکەن!؟یاخود هەندێک هێز لە هەندێک بازنەی هەڵبژاردن بەشداری پرۆسەکە ناکەن ، واتە بایکۆتی دەکەن لەبەر نەبونی بەرژەوەندی خۆیان لەو بازنە و سنورە بەجۆرێک واتە بایکۆتی کردوە ئەویش، بەڵام لەهەمان کاتیشدا دژایەتی بایکۆتکردنی کۆی پڕسەکە ئەکات ، بەهەمان شێوێش لە هەندێک بازنە بەشداری پرۆسەکە دەکەن و لە هەمان کاتیشدا ، دەزان کە هێندەی ڕێژەی بەدەستهێنانی کورسی دەنگ بەدەست ناهێنن ، ئایا بەلۆجیکی خۆیان دەنگەکانیان بۆ دەسەلات ناڕوات؟ ئەم گوتارانە زیاتر هەڵگری ئەجێندای تایبەتین نەک ئامانجێکی گشتی، ئێمە پێویستە باس لە وێنە گەورەکە بکەین ، کە خودی پڕۆسەی هەڵبژاردنە و لە ژێر پرسیاردایە و مەشروعیەتی لەدەست داوە.
ئێمە لەسەرەوە ڕونمان کردەوە کە هەڵبژاردن ئامانج نیە بەڵکو ئامڕازە، ئامانج ناتوانرێت بشێوێنرێت ، بەڵام ئامڕاز دەکرێت لێل بکرێت و بشێوێنرێت.




