کمال زراری
ئیتر بەس نیە؟
لەگەڵ ئەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکی ئابووری زۆر خراپ گوزەر دەکەن کەئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری کردۆتە سەر بواری دەروونی و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان بەجۆرێک ڕۆژانە هەواڵی بیستنی خۆکوشتن و هەڵوەشانەوەی چەندین خێزان ئەبیستین،سەرباری ئەمە ئێستا تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بوونەتە سەکۆیەک بۆ شەڕێکی ڕاگەیاندنی سەرکردایەتی هەردوولا ئەمەش نیگەرانی و دڵە ڕاوکێیەکی زۆری لەناو خەڵکدا دروست کردووە، هەموومان ئەزانین بەهۆی ناکۆکی ئێوەو خراپی حوکومڕانی نزیکەی ۳۰ ساڵی ڕابردوودا وا کیانی هەرێمی کوردستان کە بەخوێنی چەندین تێکۆشەرو نیشتمان پەروەرو دڵسۆزی ئەم هەرێمە هاتۆتە کایەوە بەداخەوە ڕۆژ بەڕۆژ لاواز تر دەبێت،خوانەخواستە ئەگەر زوو بەخۆتان نەیەنەوە ئەویش لەدەست ئەچێ.
هەموومان ئەزانین ئێوە هەردوو حیزب بەرپرسن لەو بارودۆخە کە بەهۆی بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی ئەم هەرێمەتان دابەش کردووە، هەرکاتێکیش ڕێک کەوتبن لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون چۆن پۆست و داهاتی ئەم هەرێمە لە نێوان خۆتان دابەش بکەن و داهاتی ئەم هەرێمە لەلایەن هەردوولادا بەهەدەر دراوەو کەسانێک بەهۆی ئەم سیاسەتەتان بوونەتە ملیاردێر و کەسانێکیش لەتێک نان نیە بیخۆن و بستێک زەویان نیە لەسەری بژین،ئێوەبوون ئەنفالچیەکانتان جارێکی تر بەرزکردنەوەو مووچەی زەبەلاح و دیوەخانانەیان پێ ئەدەن،کەس و کارو قوربانیانی بەناو ئەنفالیش لە خراپترین بارودۆخی ئابووری و دەروونی ئەژین.
قسە زۆرن لەسەر سیاسەتی هەڵەو بەتاڵانبردنی داهاتی ووڵات بەڵام تەنها ئەوەتان بیردەخەمەوە کە ئیتر بەس نیە؟ هێشتا کات ماوەو خەڵکێکی وا دڵسۆزتان دەستناکەوێت کە ئاستی داخوازیەکانی لە ژیانێکی مامناوەندو کەشێکی ئارم تێپەڕناکات،بۆیە تاکار لەکار نەترازاوەو ئەو کەشتیەی هەموومانی لەسەرە نقوم نەبووە بەهۆی خراپی حوکمڕانی و سیاسەتی ڕۆژانەتان تا زووە بوێرانە لەسەرمێزی گفتوگۆکان بە ئامادەبوونی سەرجەم لایەنەکانی تر دابنیشن و میساقێکی شەڕەف ئیمزابکەن و بەڵێن بدەن پێداچوونەوە بەهەموو هەڵەکانی ڕابردووتان بکەنەوەو پارە دزراوەکان بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی ووڵات و ئاوڕێک لەو خەڵکە مەزلومە بدەنەوە کە ئەمەش کەمترین مافی هاووڵاتی بوونە.
لەگەڵ ڕێزم……