عثمان کریم
لە پەراوێزی کۆرۆنا ھۆشداری و وریاکردنەوە
ئەزموون ، سەرمایەو دەسکەوتێکی مەزنەو ھەر دەستەو گەلێک وەک خۆی لێی بڕوانن و بایەخی پێویستی پێ بدەن ، حەتمەن دەڕژێتە بەرژەوەندی خۆیان و ئایندەی نەوەکانیانەوە ، بە پێچەوانەوە ئەوەی پشتگوێی بخات و بەکەم سەیری بکات زوو یان درەنگ باجەکەی دەدات و پەشیمانچ سوودێکی ئەوتۆی نابێت.
بێگومان مەزنترین پەرتوک کە پڕبێت لە ئەزموونی گەلان و بە شێوەیەکی زانستی داڕێژرا بێت ، ئەوە قورئانی پڕ خێرە ، خوا خۆی ئەم گەوھەرەی بۆ مرۆڤایەتی پاراستووە ، تاکو لە ھەر زەمین و زەمانێکدا ھەر دەستەو گەلێک بیانەوێت لەو زانستە ئەزموون کراوە، دەواو دەرمان بەدەست بێنن بۆ تیماری دەرد و وەبایان.
یەکێک لەو ئافەت و بەڵایەی ناوە ناوە تووشی مرۆڤایەتی ، یان بەشێکی بووەو دەبێت ، بریتیە لە ترس و تۆقین، کە جێگرەوەی ژیانکردنە بە شێوەیەکی ئاسایی. کەواتە ئاسایش و ئارامی گەورەترین چاکە و نیعمەتی خوایە بۆ بەندەکانی . دەی سوننەت و یاسای خوا بۆ بەخشین و گرتنەوەی نیعمەت جێگیرە و گۆڕانکاری بەسەردا ناێت ، وە خوا ھەر نیعمەتێکی بەخشی بە ھەر کەس و دەستەو گەلێک، قەت نایسێنێتەوە مەگەر ئەوان خۆیان دەسپێشخەر بن و قەدری نەزانن ، وە پێچەوانەی ئەوەی لێیان خوازراوە سوود لەو نیعمەتە وەربگرن: (ذَٰلِكَ بِأَنَّ اللَّهَ لَمْ يَكُ مُغَيِّرًا نِّعْمَةً أَنْعَمَهَا عَلَىٰ قَوْمٍ حَتَّىٰ يُغَيِّرُوا مَا بِأَنفُسِهِمْ/ الانفال: ٥٣).
ھەروەھا ھەمیشە دوای ئاسایش نیعمەتی ڕزق و ڕۆزی و خۆراک دێت ، مرۆڤ وەختێک ترسی ڕەویەوە ، ئیتر بیرو ھۆشی وا بەلای ژیان و بژێوییەوە . جا ھەر دەسەڵاتێک حەق بەخۆی بدات داواو خواستێکی لە ھاوڵاتی و میللەت ھەبێت ، سەرەتا پێویستە ئەم دوو ئەرکە بەگوێرەی توانای ڕاستەقینەی خۆی ، بۆیان فەراھەم بکات بە بێ منەت کردن و ئەزیەت دانێک.
سەرنج بدەن و ببینن ، خوا بەو گەورەیی خۆی ، وەختێک داوای گوێڕایەڵی و فەرمانبەرداری لە قوریشیەکان دەکات ، ئەم دوو نیعمەتە مەزنەیان بە جوانی بۆ فەراھەم دەکات.
یەکەم ترسی لەشکرکێشی ئەبرەھەی لەسەر لابردوون و (کابە)و ئەوانی پاراست لە تیاچوون.
دووەم: بە ھۆی بەرەکەتی ئەو ماڵەوە (کابە)، گەشتی بازرگانی زستان و ھاوینیانی بۆ ئاسان کردوون ، وە ڕزق و ڕۆزییان زۆر و ئاسان دەست کەوتووە، بە بەڵگەی: (فليعبدوا رب هذا البيت الذي أطعمهم من جوع وآمنهم من خوف/ قريش/ ٤).
لێرەوە بە دڵسۆزی و ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنم و دەڵێم : سەرەتا ئەرکی کاربەدەستانی ھەرێمە (بەپێی پلەبەدنی دەسەڵاتیان)، کەوا ئاوڕێکی جددی لەم وەزع و بارو دۆخە تۆقێنەرە بدەنەوە ، تکایە بیری خۆتان بگوشن و پرس بە دڵسۆزانی خاک و خەڵک بکەن ، بەر لەوەی دەرفەت لەدەست دەرچێت بڕیاری چاکسازی ڕاستەقینە بدەن ، خۆتان کردووتانەو چاک دەزانن کوێی کارەکەتان بۆگەنە و زۆر نەشیاوە ، دەی لەوێوە چاکسازی و پاکسازی خیرا دەست پێ بکەن ، با ھەرچی زووە موچەی قەبەو خەرجی زەبەلاح و چەند موچەی ناھەق و خانەنشینی ناڕەوا و کۆمپانیای وەھمی و چەندان ڕێ و توولە ڕێی دزی و گزی ھەیە ، وە دڵسۆزان زانیاری تەواویان پێداون (ھەرچەندە خۆشتان دەزانن، چوون ھی خۆتان ، یان نزیک لە خۆتانە)، بە یاسا بنبڕی بکەن.
ئامان نەکەن لە قوتی فەرمان بەرانەوە دەست پێ بکەن، ئەم ھەڵە زەقە دووبارە نەکەنەوە، لە خوای ھەژاران بترسن، یان لە رق و ھەڵمەت و ھیمەتیان بترسن، دونیا پڕە لەئەزموون ، چاوێ بگێڕن پیایدا، گەورەترینی دەسەلاتدار چۆن ھانا بۆ ئاسمان دەبات و ھاوار لە میللەت و ھاولاتی دەکات بۆ یارمەتی و پشتیوانی لە تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە پڕ لە مەترسیە!!
ھەروەک ئەرکو بەرپرسیاری ھاوڵاتی و گەل کەم نیە، پێویستە چاکتر ھاوکارو پشتیوانی ڕاستەقینە بین بۆ گوزراندن و بەڕێکردنی ئەم دۆخە مەترسیدارە، بێگومان باجی زۆر بۆ ھاوڵاتی ھەژارە، گیانی ھاوکاری و بە ھاناوە چوون دەبێ زیاترو زۆر تربێت، جگە لەوە حەیفە و خۆدانە لە گێلی ، ئیتر نەزانین کێ بکەینە دەمڕاست و چاوساغی خۆمان ، توخوا شورەیی نیە لەسەر دەریای نەوت و لەناو دەشتی بەپیت و لە بەینی بازرگانی ئێران و توراندا بین ، ئەوەش وەزع و گوزەرانی خەڵک بێت ، ئەوەش حاڵی مووچە بێت!!
عوسمان حمەکریم زەڵمی
٣٠ / ٣ / ٢٠٢٠